رووداو دیجیتاڵ
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، یەکخستنەوەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکاندا و هاوئاهەنگیی نێوان هەموو پێکهاتەکانى هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئاسایشی نیشتمانیی جێگیر دەکات و بڕیاری بەرگری یەکدەخات.
رۆژی دووشەممە، 21ـى ئەیلوولی 2026، عەلى فالح زەیدى ئەو پەیامەى لە ئێکس بڵاویکردەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان و قارەمانانی پێشمەرگە دەکەین بەبۆنەی تەواوبوونی یەکخستنی پێکهاتەکانی پێشمەرگە لە ژێر سایەى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بەشێوەیەک کە ئاسایشی نیشتمانیی بەهێز بکات و کاری دامەزراوەیی بچەسپێنێت".
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە راگەیێندرا.
عەلى فالح زەیدى رایگەیاند، یەکخستنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە چوارچێوە دەستووری و یاسایی و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوو هەنگاوی گرنگن لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی و یەکخستنی بڕیاری بەرگری.
کڕۆکی ئەم یەکخستنە بنەڕەتییە بریتییە لە نەهێشتنی یەکەی 80ـی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکەی 70ـی سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گۆڕینیان بۆ دوو فەرماندەیی سەربازیی فەرمی بە ناوەکانی (دەڤەری 1) و (دەڤەری 2).
رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رێگەیەکی درێژی بڕیوە، لە ساڵانی 2010 بۆ 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی هەردوو یەکە خرانە نێو 14 لیوای هاوبەش، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان و سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 بوونە هۆی سستبوونی هەوڵەکان.
لە ساڵی 2018 بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ چاکسازیی پێشمەرگە داڕێژرا. قۆناخی یەکەمی پرۆسەکە لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد.



