لە شەڕی نێوان دوو ماڵباتدا لە سنووری چەمچەماڵ سێ کەس کوژران

22-03-2025
پێشەوا بەختیار
وێنەی سێ کوژراوەکە
وێنەی سێ کوژراوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، دوو ماڵبات لەسەر زەویوزار بووە شەڕیان و "سێ کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربوون."
 
شەڕەکە لە گوندی قاسم بەگزادەی ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ روویدا. بەگوتەی هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش، دوو ماڵباتەکە ئامۆزای یەکترن و "دوو لە کوژراوەکان بران."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدییای رووداو، کوژراو و بریندارەکەی دیکەش برای یەکدی بوونە. 
 
ئەوانەی کوژراون بریتین لە هێمن محەممەد، شۆڕش محەممەد و ساڵح شەریف.
 
بەگوتەی کەسوکاری کوژراوەکان، دوو ماڵباتەکە لە کۆنەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە، وردە وردە کێشەکە سەری هەڵداوەتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر زەویوزار تەقەیان لە یەکدی کردووە و لە ئەنجامدا سی کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
دایکی یەکێک لە کوژراوەکان بە رووداوی گوت، کوڕەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ چووە باخەکەی ئاو بدات و نانی ئێوارە لەوێ بخوات، بەڵام لەوێ تووشی ئەم کێسەیە دەبێت و دەکوژرێت. 
 
دوو ماڵباتەکە کێشەکەیان داوەتە دەست یاسا و داوا دەکەن لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەوان دەستنیشانی بکەن، کامەیان هۆکاری دەستپێکردنی تەقەکردنەکە بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە