سەرژمێرى لە هەندێک ناوچەى کێشە لەسەرى نەینەوا دواکەوتووە

21-11-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆى دواکەوتنى ئامادەکارییەکان و کەمى تیمەکان، سەرژمێرى لە چەند گوندێکى ناوچە کوردستانییەکانى پارێزگاى نەینەوا تەواو نەبووە. لە قەزاى شێخان بۆ 900 خێزان یەک بژمێر دانراوە، ئەوە لە کاتێکدا پارێزگارى نەینەوا دەڵێت: "سەرژمێرى خێزانەکان 100% تەواو بووە و تەنیا ناردنی زانیارییەکان ماوە".
 
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى باڵاى سەرژمێرىی گشتیى دانیشتووانە لەو پارێزگایە رایگەیاند: 100%ى کارەکانى سەرژمێرى تەواو بوون و تەنیا ناردنى زانیارییەکان ماوە.
 
لە دوێنێ چوارشەممەوە، سەرژمێرى گشتیی دانیشتووان دەستىپێکردووە کە ماوەکەى دوو رۆژە. 
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هێشتا سەرژمێرى لە هەندێک لە ناوچەکانى مادەى 140 تەواو نەبوون، بە هۆى ئەوەى درەنگ دەستیان پێکراوە و ئەو گوندانە لە سنوورى خازر، قەزاى شێخان و مەخموورن".
 
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە.
 
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامى شێخان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "گلەییمان لە وەزارەتى پلاندانانى فیدراڵى هەیە، ناکرێت یەک کارمەند و تابلێت بۆ تۆمارکردنى 900 خێزان دابنرێت و لە 48 کاژێردا کارەکانى تەواو بکات".
 
تەواونەبوونى سەرژمێریى دانیشتووان لە ناوچە کوردستانییەکان بەهۆى درەنگ دەستبەکاربوونى تیمەکانەوە بووە.
 
 ئەیاد سلێمان، جێگرى بەڕێوەبەرى ئامارى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "هۆکارى دواکەوتنى سەرژمێرى لە گوندەکانى قەزاى شێخان و ناحیەى فەیدیێ ئەوەیە تیمەکان درەنگ دەستیان بەکار کردووە و بەراورد بە قەزا و ناحیەکانى دیکە هەفتەیەک دواکەوتوون، سبەى و دوو سبەى کارەکان تەواو دەکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حەیدەر شەشۆ لە نووڕۆژی رووداو قسە دەکات

حەیدەر شەشۆ: مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شنگال هەیە

فەرماندەی هێزی ئێزیدخان دەڵێت، ''بەشێکی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان هەوڵدەدەن چیای شنگال بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنن''؛ گوتیشی، مەترسیش هەیە ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرش بکاتە سەر شنگال.