رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تاوەکو ئێستا بەپێی زانیارییەکانی رووداو و ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 100 کەسیش برینداربوون.
رووداو بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئامارەکان قسەی لەگەڵ دوو رێکخراوی مافی مرۆڤیش کردووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو بریندارەکاندا نزیکەی 10 کەسیان لە سنەن و، لە کامێرانیش چوار کەس بریندار بوون.
هێزە ئەمنییەکان بە گوللە وەڵامی خۆپێشاندەرانی بیجاڕ دەدەنەوە
شەوی رابردوو دانیشتووانی شاری بیجاڕ لە پارێزگای سنە لە دژی مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی و پۆلیسی رەوشت ناڕەزاییان دەربڕی. بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گوللە وەڵامیان دانەوە.
ئەم ناڕەزایەتییانە رۆژی سێشەممە بەشێکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشی گرتەوە. "ژن، ژیان، ئازادی" ئەمە درووشمی سەرەکی خۆپێشاندەرانە کەوا ئەم خۆپێشاندەرانە لە پاوە دەیڵێنەوە.
رۆژی دووشەممە لە شاری دیواندەرەی سنەش دوو خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران. لە شاری سەقزیش دوو کەس و لە دێولانیش خۆپێشاندەرێک کوژراوە.
کوشتنی خۆپێشاندەران
دیواندەرە
2 خۆپێشاندەر
سەقز
2 خۆپێشاندەر
دێولان
1 خۆپێشاندەر
رۆژی دووشەممە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە مەرگی ژینا ئەمینی دووکان و بازاڕی بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داخران، بەڵام لە زۆر شوێن ناڕەزایەتیش هاتە ئاراوە.
لە هەندی لە شارەکان ناڕەزایەتی لە ئێوارەوە دەستیپێکرد و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو. لە ناڕەزایەتییەکاندا بەپێی زانیارییەکان و راپۆرتی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، جگە لە برینداربوونی نزیکەی 100 کەس، نزیکەی 200 کەسیش دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکان شەوی رابردوو لە شاری مهاباد هێزە ئەمنییەکان کۆڵان بە کۆڵان بەشوێن خەڵکدا گەڕاون، لە شاری دیواندەرەش بەهەمانشێوە.
ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕدراوە، یان هێندە لاواز بوو کە پەیوەندیکردن و ناردنی وێنە و ڤیدیۆ زۆر ئەستەم بووە.
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و دامەزرێنەری سپەیس ئێکسە، گوتوویەتی: داوایان کردووە لە گەماڕۆکان ببەخشرێت، بۆ ئەوەی ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ خەڵکی ئێران دابین بکەن.
مەرگی ژینا ئەمینی پرسیاری لەسەر پۆلیسی رەوشتی ئێران دروستکردووە. زۆر کەس و لایەن خوازیاری نەمانی ئەم پۆلیسە بوون. بەڵام پێناچێت پەرلەمان هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت.
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت "ئەرکی کۆمیسیونی ناوخۆی پەرلەمانە لیکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی [مەهسا] بکات، بۆ ئەوەی ئەمجۆرە رووداوانە دووبارە نەبنەوە، لێکۆڵینەوە لە شێوەی راپەڕاندنی ئەرکەکانی پۆلیسی رەوشت بکرێ، بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن."
رۆژی رابردوو حوسێن رەحیمی، سەرۆکی پۆلیسی تارانی گەورە گوتی: ژینا لەکاتی گیرانیدا لێی نەدراوە و ئەم جلانەشی لەبەردا نەبووە. بەڵام ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، هەموو قسەکانی فەرماندەی سەرۆکی پۆلیسی تارانی رەتکردووەتەوە و بە رووداوی راگەیاند: بەرپرسان لەبارەی کچەکەی راستییەکان دەشارنەوە و بە ئیبراهیم رەئیسیم گوت، ئەو ڤیدیۆیانەی لە تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوکرانەوە "درۆ" بوون.
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکاری مەرگی ژینا دەکرێ. بەپشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئێران، روون نییە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەم ناڕازییانە رازی دەکات یان نا؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ