رووداو دیجیتاڵ
لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، خۆپێشاندانێکی ئاشتییانەی قوتابییانی کورد بۆ داواکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک رووبەڕووی هێرش و تووندوتیژی بووەوە و بەهۆی بەردباران و تەقەکردنەوە، چەندین قوتابی بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 04-11-2026 لە شاری حەسەکە سەدان قوتابی بۆ پاراستنی مافی خوێندنی کوردی بەرەو باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە رێپێوانیان کرد، بەڵام خۆپێشاندانەکەیان بە تەقەکردن بە ئاسماندا و بەردبارانکردن بڵاوەی پێکرا.
"12 ساڵە بە کوردی دەخوێنین؛ نابێت ئێستا بە زۆر بیکەنە عەرەبی"
لە ئەنجامی هێرشەکەدا چەندین خوێندکار بریندار بوون. گولچین حەساری، کە قوتابیی پۆلی 12ـیە و بەهۆی زەبری بەردەوە سەری بە شەش تەقەڵ دووراوەتەوە. بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە پێناو زمانی کوردیمان هاتینە سەر شەقام، چونکە ناتوانین بە زمانی عەرەبی بخوێنین؛ 12 ساڵە تەنیا بە کوردی فێری وانەکان بووین، کەچی لە بەردەم پارێزگادا هێرشیان کردە سەرمان و دەست و سەری هاوڕێکانم شکان."
گوڵچین سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەرانیش ئاشکرای کرد: "کاتێک بەرەو بینای پارێزگا دەڕۆیشتین، کەسانێک بە ماتۆڕسکیلەوە کە بەشێکیان خەڵکی گەڕەکی غوێران بوون و هەندێکیشیان ئەندامانی ئاسایشی گشتی بوون، بێ وتووێژ کەوتنە بەردبارانکردنمان؛ لەو هێرشەدا من و چوار لە هاوڕێکانم بریندار بووین."
"دژی عەرەبی نین، بەڵام زمانی دایک مافی ئێمەیە"
پێلا مەحموود، قوتابیی پۆلی 10 لە شاری قامشلۆ کە پەیامە ڤیدیۆییەکەی لە دژی قەدەخەکردنی خوێندنی کوردی دەنگدانەوەی دروستکرد، لە پەخشی رووداودا نیگەرانییەکانی خستەڕوو و گوتی: "ئێمە دژی هیچ زمانێک نین، با فێری عەرەبیش بین، بەڵام دەمانەوێت خوێندنی بنەڕەتیمان بە زمانی دایک بێت و مافەکانمان پێشێل نەکرێن. من وەک کچە کوردێک دەمەوێت لە زانکۆی رۆژئاوا پزیشکی بخوێنم و خزمەتی گەلەکەم بکەم."
نەوەیەک کە بە زمانی کوردی گەورە بووە
لە دوای ساڵی 2011ـەوە لە رۆژئاوای کوردستان، سیستمێکی نوێی پەروەردە بە زمانی کوردی پەیڕەو کرا و لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ نەوەیەک پێگەیشتووە کە تەنیا بە زمانی دایک خوێندوویەتی، ئەمەش وا دەکات گەڕانەوە بۆ سەر پرۆگرامی عەرەبی ببێتە ئاستەنگێکی گەورەی دەروونی و زانستی لەبەردەمیاندا.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا لە 16ـی کانوونی دووەمی 2026 بە بڕیارنامەی ژمارە (13) دانی بەوەدا نا کە زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە؛ دواتریش لە نێوان هەسەدە و حکومەتدا رێککەوتن کرا کە چوار وانەی بنەڕەتی (زمانی کوردی، مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) لە ناوچە کوردییەکاندا بە کوردی بمێننەوە.
زمانی کوردی لە هەفتەیەکدا سێ وانەی لێ دەخوێندرێت، بەڵام مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بە گوێرەی پرۆگرامی قوتابخانەکانە و قوتابیان سەرپشکن کە بە کوردی بخوێنن یان بە عەرەبی.
لکاندنی هەردوو زانکۆی رۆژئاوا و کۆبانێ بە زانکۆکانی حکومەتەوە
مەروان ئەلحەلەبی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی سووریا لە 27ی تشرینی یەکەم رایگەیاند، ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا دوو بڕیاری بۆ لکاندنی "زانکۆی رۆژئاوا" بە "زانکۆی فوڕات" و "زانکۆی کۆبانێ" بە "زانکۆی حەلەب"ـەوە پەسند کردووە. ئاماژە بەوە کرا کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی یەکخستنی سەرپەرشتیی ئەکادیمی و کارگێڕیی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادایە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتدا.
لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا، خوێندکاران و کارمەندانی زانکۆی کۆبانێ بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی راگوزەری سووریایان رەتکردەوە کە زانکۆکەیان بە زانکۆی حەلەبەوە دەبەستێتەوە؛ ئەوان داوایان کرد کە بەبێ راوێژکردن لەگەڵ خوێندکاران، مامۆستایان و ستافی کارگێڕی، هیچ بڕیارێکی چارەنووسساز لەبارەی داهاتووی زانکۆکەوە نەدرێت.
هاوکات، ئەنجوومەنی زانکۆی رۆژئاوا و خوێندکارانی لە راگەیێندراوی فەرمیدا رەتکردنەوەی خۆیان بۆ هەر بڕیارێک دەربڕی کە ببێتە هۆی سڕینەوەی ناسنامەی زانکۆکە یاخود زمانی خوێندن (زمانی کوردی)؛ ئەوان داوایان کرد کە زانکۆی رۆژئاوا وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ بناسێنرێت، یان لەسەر شێوازێک رێککەوتن بکرێت کە ناسنامەی کوردی و بەشەکانی ئێستای زانکۆکە بپارێزێت.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا لەبارەی ئەم هەڵوێست و ناڕەزایەتییانەوە هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمیی نەداوە.


