رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات بەشداریی کارای تێدا بکەن و ناکۆکی و جیاوازییەکانیان لەنێو پەرلەماندا بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە چارەسەر بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەیامێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیی ئیرادەی تەواوی خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان بەشداریی کارای تێدا بکەن و بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، ناکۆکی و جیاوازییەکان لەوێ چارەسەر بکەن."
نێچیرڤان بارزانی هیوا دەخوازێت کاراکردنەوەی پەرلەمان هاندەر و یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و دەڵێت: "هیوادارم ئەم هەنگاوە یارمهتیدهر و هاندهر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و رەخساندنی زەمینەیەکی باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر بنەماکانی لێکگەیشتنی نیشتمانی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات: "گفتوگۆ، سازان و هاوبهشیی نێوان تەواوی هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە کە سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی گشتییە و دەڵێت: "سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان."
ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، بەئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و فراکسیۆنە جیاوازەکان، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.
دەقی راگەیێندراوەکە
پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەم. پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتيی ئیرادەی تهواوى خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسیيەکان بەشداريی کارای تیادا بکەن و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە؛ ناکۆکی و جیاوازیيەکان لەوێ چارەسەر بکەن.
هیوادارم ئهم ههنگاوه يارمهتيدهر و هاندهر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و ڕەخساندنی زهمينهيهكى باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان ههموو لایەنە سياسييهکان.
دووپاتى دهكهمهوه كه گفتوگۆ، سازان و هاوبهشيى نێوان تهواوى هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن، سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.



