رووداو دیجیتاڵ
لە ژمارەیەک شاری تورکیا و باکووری کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر چەند شوێنێک و 42 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکرد، کە هەندێک لە دەستگیرکراوەکان بیانین.
لە شرنەخ حەوت کەس دەستگیرکران
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای شرنەخ، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس لە رۆژانی 11-17ـی ئەیلولی 2023 چەند ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە کردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکاندا حەوت کەس دەستبەسەرکراون و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی شرنەج کراون.
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان بە بڕیاری دادگە سێ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان خراونەتە زیندانەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ چوار کەسەکەی دیکە بەردەوامە.
لە ئەنقەرە فەرمانی گرتن بۆ نۆ کەس دەرکرا
داواکاری گشتیی ئەنقەرە، بە "تۆمەت"ی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ نۆ کەس دەرکرد.
داواکاری گشتیی ئەنقەرە رۆژی سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند: "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە تیرۆریستییەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نۆ کەس دەرکراوە، کە دەرکەوتووە بە ناوی پەکەکە/کەجەکە/یەپەگە/پەیەدە کاردەکەن".
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو نۆ کەسە دەستپێکردن، کە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە.
لە ئیستەنبووڵ پێنج بیانی دەستگیرکران
هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای ئیستەنبووڵ، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کرا. پێنج کەسی بیانی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکران.
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ئیستەنبووڵ بەیانی زوو لە شەش ناوچەی ئیستەنبووڵ هەڵیانکوتایە سەر حەوت ناونیشان و پێنج کەسی بیانییان دەستگیرکرد و لە ئەنجامی پشکنینی ناونیشانەکانیاندا دەستیانگرت بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی دیجیتاڵی.
لە جۆلەمێرگ 10 کەس دەستگیرکران
لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی جۆلەمێرگ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئەیلولی 2023 لە ناوندی شاری جۆلەمێرگ هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و 10 کەسیان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" و "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" دەستبەسەر کرد.
ئەو 10 کەسەی لە جۆلەمێرگ دەستبەسەرکراون: بوراک ئەجەر، شوکران ئۆزەک، زوبێر ئاکگول، ساڵح یاکن، عارف دومان، جەوهەر ئەرباش، رۆژهات سافالی، عەبدووڵڵا فرتنا، محەممەد دەمیر و عومەر مەت
.
لە ئەنتاڵیا دوو کەس دەستگیرکران
هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ئانتاڵیا بەرەبەیانی زوو لە ناوەندی شاری ئانتاڵیا هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک و دوو کەسیان دەستبەسەر کرد.
هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کەسە رانەگەیێندراوە، دوای دەستبەسەرکردنیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی ئانتاڵیا کراون.
نۆ سووریایی بە تۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکران
لە دوو ئۆپەراسیۆندا کە لە پارێزگاکانی لە ئەنقەرە و کۆنیای تورکیا و مێردین و روهای باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، نۆ هاووڵاتی سووریا بە تۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکران، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی چوار داواکراوی دیکە بەردەوامە.
ئۆپەراسیۆنی یەکەم بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2023 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئەنقەرە دەستیپێکرد.
لە شارۆچکەکانی پۆڵاتڵی و بەیپازاری لە ئەنقەرە سێ هاووڵاتی سووریا دەستگیرکران و هەوڵی تیمەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێکی دیکە بەردەوامە، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی "تاوانە تیرۆریستییەکان" فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
ئەو چوار کەسە دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رادەستی فەرمانگەی کۆچ ئاکیوت دەکرێن لە ئەنقەرە.
لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا کە ناوەندەکەی ئەنقەرە بوو و لە پارێزگاکانی کۆنیای تورکیا و مێردین و روهای باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، شەش هاووڵاتی سووریا بە هەمان تۆمەت دەستگیرکران و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی سێ داواکراوی دیکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ