رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئابی 2026، بەرانبەرە بە 12ی رەبیعولئەوەل لە ساڵنامەی کۆچیدا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامیدا، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکرێتەوە.
بەردەم قەڵای هەولێر بووەتە هێمایەکی مەولوود، ساڵانە خەڵکێکی زۆر لەوێ ئەو یادە دەکەنەوە.
بەپێی ساڵنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 25ی ئاب، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر پشووی فەرمی دەبێت، هەروەها ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سێشەممە پشووە.
موسڵمانان لەم مانگەدا ئاهەنگ دەگێڕن، شیرینی دەبەخشنەوە، بە سروود و هۆنراوە و دەفلێدان، وەسف و سەنای پێغەمبەر و یادەکە دەکەن.
هەولێر هەرە دیارترین شاری کوردستانە بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1220ی زایینی ئەم یادە لەلایەن سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبەری کراوەتەوە، کە ئەوکاتە فەرمانڕەوای هەولێر بووە. یەکەمین کەس بووە یادی مەولوودی داناوە و لەو یادەدا خۆراکی بەسەر هەژاراندا دابەش کردووە.
هەندێک جاریش مشتومڕ لەسەر یادی مەولوود دروست دەبێت، بە تایبەتی لای سەلەفییەکان پێیانوایە بیدعەیە، بەڵام بەشی زۆری زانایانی ئیسلام لەسەر ئەوە کۆکن کە مەولوود هۆکارێکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی موسڵمانان بۆ پێغەمبەرەکەیان.


