رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوا و پێغەمبەری مەزنی ئیسلام حەزرەتی موحەممەددا (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم".
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 25-8-2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیوادارم ئەم یادە پیرۆزە، خێر، خۆشی، ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و ببێتە هەوێنی پتەوکردنی گیانی برایەتی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا".
دەشڵێت، "با ئەم بۆنە پیرۆزە ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندی بە پەیام و رێنمایی و بەها باڵاکانی پێغەمبەر (د.خ) لە بڵاوکردنەوەی چاکە، دادپەروەری، ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیدا، تا پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیر و ئارامتر هەنگاو بنێین".
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئابی 2026، بەرانبەرە بە 12ی رەبیعولئەوەل لە ساڵنامەی کۆچیدا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە وڵاتانی ئیسلامیدا، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکرێتەوە.


