سەفین دزەیی لە قەتەر لەگەڵ سەرۆکی سکرتاریەتی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی کۆبووەوە

18-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ قەتەر، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی "لە ئازادیی ئایینییەوە بۆ بەرپرسیارێتیی ئایینی"، لەگەڵ سەرۆکی سکرتاریەتی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی IRF کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەیاندا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و نادین ماینزا، سەرۆکی سکرتاریەتی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بۆ دیدارەکە و، بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە وەکو دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوەی پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیان؛ ئەمەش بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەکە.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی کرا، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا روویانداوە لەڕووی ئاسایش و سەقامگیری و مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە.
 
نادین سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و رێزگرتن لە سەرجەم هاووڵاتییان بەبێ جیاوازیی ئایینی و ئایدیۆلۆژی، پاراستنی مافەکانیان و ئازادکردنی دیلە ئێزدییەکان لەژێر دەستی تیرۆریستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە