پارێزگاری کەرکووک بۆ سەرژمێری هەبوونی چاودێری لەگەڵ بژمێرەکان راگرت

18-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو بۆ سەرژمێری لە کەرکووک دوو چاودێر بۆ هەر تیمێک لە نەتەوە جیاکان دابنرێت، ئەوەش ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانیانی لێکەوتەوە. دوای ئاگادارکردنەوەی پارێزگاری کەرکووک، رێبوار تەها فەرمانی کرد، تۆمارکردنی چاودێر رابگیرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە گەڕەکە کوردنشینەکان کە زۆرینەی بژمێرەکانی کوردن، بڕیار بووە دوو چاودێر لە نەتەوەکانی عەرەب و تورکمان لەگەڵیان بن؛ بۆ گەڕەکەکانی دیکەش بە هەمان شێوە، بۆ نموونە، گەڕەکی زۆرینە تورکماننشین دوو چاودێری کورد و عەرەبیان لەگەڵ بێت.
 
محەممەد ئایدن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانانی کەرکووک کە سەرپەرشتی سەرژمێرییەکە دەکەن، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، چاودێرەکان بۆ هاوکاری بژمێرەکان لەگەڵیاندا دەبن، بەتایبەت لەو گەڕەکانەی بژمێرەکان لە نەتەوەیەکن و دانیشتووانەکە نەتەوەیەکی دیکە، ئەوەش بۆ ئەوەی بەهۆی نەزانینی زمانەوە کێشەیان بۆ دروست نەبێت.
 
 
بە گوتەی محەممەد ئایدن، چاودێرەکان مافی ئەوەیان نییە تێبینی لەسەر کاری بژمێرەکان و سەرژمێری بنووسن.
 
بەڵام بڕیارەکە نیگەرانیی کوردی لێکەوتەوە و هاونیشتمانیان رایانگەیاند، "ئەو کوردانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە، دەترسن لەوەی چاودێرەکانی تورکمان و عەرەب رێگە نەدەن تۆمار بکرێن و کێشەیان بۆ دروست بکەن."
 
لەبارەی نیگەرانیی هاونیشتمانیانەوە لە هەبوونی چاودێر، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت، "لیژنەی باڵای سەرژمێری ئاگادارکردووەتەوە کە تۆمارکردنی چاودێر رابگرن."
 
پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی گوت، "بە پلاندانانی کەرکووکی گوتووە، ئەگەر کارمەندیان کەمە دەتوانن ژمارەی کارمەندەکان زیاد بکەن، بەڵام نابێت لەژێر ناوی چاودێردا کەس تۆمار بکرێت."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سنووری کەرکووک زیاتر لە 155 هەزار هاونیشتمانی بەهۆکاری جیا شارەکەیان جێهێشتووە و بەشێکیان بۆ سەرژمێری دەگەڕێنەوە شارەکەیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە