رووداو دیجیتاڵ
سوودانی فەرمانى پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵنەوەى دا لەسەر رێگرى لە جووتیارانى کەرکووک لە کێڵانى زەوییەکانیان، بریکارى وەزارەتى دادیشی راسپارد پرسی زەوییە هاوبەشەکان لەنێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى، یەکلابکاتەوە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 18ـی شوباتى 2025) شانەى راگەیاندنى ئەمنى لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق چەند فەرمانێکى لەبارەى رووداوى رێگرى لە کارى جووتیارانى دەوروبەرى کەرکووک دەرکرد.
سوودانى فەرمانى بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کردووە؛ لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوە پێکبهێندرێت بە بەشدارى نوێنەرانى سەرجەم لایەنەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەى لە دەوروبەرى کەرکووک روویدا، کە تێیدا رێگری لە جووتیارانی کورد کرا زەوییەکانیان بکێڵن.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، بریکارى وەزارەتى داد دەنێرێتە پارێزگاى کەرکووک بۆ ئەوەى رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر لەبارەى ئەو زەوییانەى لە نێوان ناوچەکانى ژێردەستى حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان دا هاوبەشن.
17ـی شوباتى 2025، لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕانی پارێزگای کەرکووک، جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق رێگریی لێ کردن و تووندوتیژی بەرامبەر کردن.
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند؛ لیژنە باڵاکە لەسەر داوای رێبوار تەها و بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی پێکهاتووە.
نووسینگەکە هەروەها دەڵێت "لیژنەکە بەسەرۆکایەتیی د. زیاد خەلیفە، بریکاری وەزارەتی داد لە بەغداوە گەیشتە کەرکووک."
هەر لەسەر ئەو بابەتە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و فەرماندەی فیرقەی 8ـی سوپای عیراق، کە لە شەناغە جێگیر کرابوون و بەڕێوەبەری گشتیی زەویوزار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لەکۆبوونەوەدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویی جووتیاران لە سنووری دووبز و سەرگەڕان بەتایبەتی.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى داواى لە هێزە ئەمنییەکان کردووە لە؛ سوپا، هێزەکانى ناوخۆ، پێشمەرگە، حەشدى شەعبی و ئاژانسە ئەمنى هەواڵگرییەکان، کە پابەندبن بە فەرمانەکانەوە و دان بەخۆیاندا بگرن، دەرفەت نەدەنە کەسانێک کە وەک لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە "دەیانەوێت لە ئاوى لێڵدا راو بکەن."
هەروەها ئەو شانەیە داواى لە هێزە سیاسییەکان کردووە بە دانایی و لەسەرخۆ مامەڵە بکەن و بەرژەوەندى باڵاى نیشتمانى لەبەرچاو بگرن و پابەندی یاسا و دەستوور بن، هەروەها پاڵپشتى ھێزە ئەمنییەکان بکەن بۆ پاراستنى دەستکەوت و ئامانجە نیشتمانییە هاوبەشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ