گەشتوگوزار: چاوەڕێ دەکەین بۆ پشووی سەری ساڵ 300 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان

17-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ سەری ساڵ و  پێشوازیکردن لە گەشتیاران. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "چاوەڕێ دەکەین پشووی سەری ساڵ 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکات."

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گوێرەی پلانی 8 ساڵەی وەزارەتەکەمان کە ساڵ بۆ ساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران زیادی کردووە، چاوڕێدەکەین ئەم ساڵیش بەراورد بە پار هاتنی گەشتیاران زیاتر بێت."
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، پار لە 10 رۆژدا 200 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتنە هەرێمی کوردستان. سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە، لە رێگەی ئەو لێژنانەی کە پێکمانهێناون چاودێریی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین و لە ئامادەیی تەواوداین."
 
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، "لەڕووی ئاسایش، ئارامی، هاتووچۆ و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێشوازیکردن لە گەشتیارانەوە؛ هەموو رێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر، هەر کەسێکیش ئازادە چۆن و بە چ جۆرێک گوزارشت لە هاتنی ساڵی نوێ دەکات."
 
شەماڵ هرووری، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت، "بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران هەموو ئامادەکارییەک کراوە، لێژنەیەک پێکهێنراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی سەری ساڵ."
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک گوتیشی، "بەهۆی ئەوەی دهۆک کەشوهەواکەی ساردە و شوێنێکە کە بەفری زۆر لێ دەبارێت، پێشبینی دەکەین هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە زیاد بکات."
 
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پار 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاری نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
لە ساڵی 2021، چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 کەس
لە ساڵی 2022، شەش ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس
لە ساڵی 2023، حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 کەس
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون:
 
- 468 هۆتێل
- 267 مۆتێل
- 33 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 20 گوندی گەشتیاری
- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
- 524 چێشتخانە - رێستۆرانت
- 657 کافتریا
- 518 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.