لەگەڵ رەنج؛ سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیکردووە

17-12-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
هیدایەت جان

سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازبوون دەڕوات، بە شێوەیەک کە ناتوانێت نیوەی پێویستی گۆشتی نێوخۆیی دابین بکات. پزیشکێکی ڤێتەرنەری دەڵیت "بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی پێویستە سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان مۆدێرن بکرێت." هاوکات بازرگانێکی هاوردەکاری ئاژەڵ دەڵێت، "بازرگانانی عێراق بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ دۆلاریان بە نرخی پاڵپشتیکراو پێدەدرێت و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەمە بۆ بازرگانانی ئاژەڵ بکات، نرخی کیلۆیەک گۆشت لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار دینار دادەبەزێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی كشتوكاڵ؛ د. چیناس تەها، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری لە ‏‏پێناو ژیان؛ د. بەهرۆز محەممەد، سەرۆكی بەشی زانستی ئاژەڵ لە كۆلێژی ‏كشتوكاڵ ‏‏لە ‏زانكۆی سلێمانی؛ رۆبیتەن رەشید، ئاژەڵدار‏ لە گەرمیان و تۆفیق محەممەد، بازرگانی هاوردەكاری ئاژەڵ پرسی کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان و چۆنێتیی بووژانەوەی ئەو کەرتە تاوتوێ کرا.
 
 
"سامانی ئاژەڵ لە قەیراندایە"
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 89 هەزار تۆن گۆشتی سوورە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم پێویستیی 65 هەزار تۆن لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و تەنیا 24 هەزار تۆنی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت لەکاتێکدا ساڵانە 284 هەزار تۆنە گۆشتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، لەكاتێكدا ‏‏147هەزار تۆن پێداویستی نێوخۆ پڕدەکاتەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، سامانی ئاژەڵ لە دنیادا تووشی قەیران بووە و وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستانیش هەناردەکردنی ئاژەڵیان راگرتووە.
 
‏بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکالی هەرێمی کوردستان، دوو هەزار و 333 پڕۆژەی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان هەن کە  550ـیان لە كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون.
 
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی: "قەیرانێکی جیهانی لە بابەتی سامانی ئاژەڵدا دروستبووە، ئەم قەیرانە وڵاتانی دەوروبەری ئێمەشی گرتووەتەوە. ئێستا ئێران خۆی پێویستی بە ئاژەڵە و هەناردەی راگرتووە، تورکیا نزیکەی 150 دۆلاری گومرگ لەسەر هەر ئاژەڵێک زیاد کردووە، بەگشتی هەموو وڵاتانی دەوروبەرمان تووشی قەیرانی سامانی ئاژەڵ بوون و بەرگریی لە ئاژەڵەکانیان دەکەن".

 

 
"سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە"
 
سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێک کە توانای دابینکردنی لانیکەم نیوەی پێویستی ناوخۆی نییە. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی رێکخراوی ڤێتەرنەریش دەڵێت، "بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە پێویستە مۆدێلکی ئاژەڵداری لە شێوازە کلاسیکییەکەوە بگۆڕین بۆ شێوازێکی مۆدێرن."
 
د. چیناس تەها، ئەندامی دەستەی كارگێڕی (رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری لە ‏‏پێناو ژیان) پێیوایە؛ "سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان پرسێکی نیشتمانییە، هەر هەرێم یان حکومەتێک بەبێ گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک هێزێکی ئەوتۆی نابێت، لەبەرئەوەی هەبوونی ئاسایشی خۆراک واتای سەلامەتی خۆراک و کۆمەڵگەیەکی تەندروستە".
 
ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری بە پیشەسازینەکردنی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری پاشەکشێی ئەو کەرتە دەزانێت و دەشڵێت؛ "ئێستا ئێمە رووبەڕووی پرسی گۆڕینی سیستمی سامانی ئاژەڵە لە شێوازە کلاسیکییەکەوە بۆ شێوازی مۆدێرن بووینەتەوە و دەبێ بە جیددی کاری لەسەر بکەین".
 
هەبوونی سەنتەری جینات "سامانی ئاژەڵ لە کوردستان بەرز دەکاتەوە"
 
بە گوتەی د. چیناس تەها لە هەرێمی کوردستان "نەمانتوانیوە ئەوەندە بەرهەمی گۆشتمان هەبێت کە ساڵانە پێویستیمان پێیە، بۆ ئەوەش دەبێت پلان دابنێین تاوەکو بگەینە ئاستی خۆبژێوی، ئەگەر ئەمە نەکەین و تەنیا پشت بە هاوردەکردن ببەستین، ساڵ لەدوای ساڵ نرخی گۆشت لە وڵاتەکەمان گرانتر دەبێت."
 
وەکو ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەگەر سەنتەرێکی جیناتمان هەبێت و وەچەی ئاژەڵەکان بەپێی ژینگە و ناوچەکان بخەینەوە کە ئاستی بەرگری جەستەیان بەپێی ئەو گۆڕانە کەشوهەوایەی ناوچەی ئێمەشی گرتووەتەوە، ساڵ لەدوای ساڵ وەچەخستنەوەی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانەوەیان چەند هێندە زیاد دەکات و نرخیشی دادەبەزێت".
لەبارەی پلانی هەنووکەیی بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت لە هەرێمی کوردستان، د. چیناس گوتی؛ " ئێستا کە ناتوانین بگەین بە ئاستی خۆبژێوی لە سامانی ئاژەڵ و دابینکردنی گۆشت بۆ هاووڵاتییان، حکومەت دەبێت بە شێوەی کاتی سەرچاوەی نوێ بۆ هێنانی ئاژەڵ بدۆزێتەوە".

 

 
ئاژەڵی هاوردەکراو "لەسەر داوای بازرگانان کەرەنتینە ناکرێن"
 
د. چیناس تەها بە گرنگی دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هەر ئاژەڵێک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ماوەی 15 رۆژ کەرەنتینە بکرێت و پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت. بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، "پێشتر ئاژەڵی هاوردەکراومان کەرەنتین دەکرد، بەڵام لەسەر داوای بازرگانان ئێستا ئەو پرۆسەیەمان هەڵگرتووە".
 
بە گوتەی د. چیناس تەها؛ "هەر ئاژەڵێک کە لە وڵاتانەوە هاوردە دەکرێت، لەڕووی زانستی دەبێت بۆ ماوەی 15 رۆژ کەرەنتینە بکرێت و لەو ماوەیەدا پشکنینیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ڤاکسینیان لێدراوە، یاخود نەخۆشی یان ڤایرۆسیان نییە؟".
 
لە وەڵامدا هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند؛ "پێشتر ئێمە لەسەر سنوورەکان ئاژەڵە هاوردەکراوەکانمان کەرەنتینە دەکرد، بەڵام لەژێر گوشاری بازرگانان و خاوەن پرۆژەکانی ئاژەڵداریی ئەو رێکارە هەڵگیرایەوە".
 
‎خەڵک روو ناکەنە پرۆژەکانی ئاژەڵداری
 
سەرۆكی بەشی زانستی ئاژەڵ لە كۆلێژی ‏كشتوكاڵ ‏‏لە ‏زانكۆی سلێمانی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق و پاڵپشتینەکردنی حکومەت بە هۆکار دەزانێت بۆ ئەوەی سەرمایەداران روو لە کەرتی سامانی ئاژەڵ نەکەن و دەشڵێت، ئێستا دۆخەکە لەچاو ساڵی 2014 گۆڕاوە و کەرتی ئاژەڵداری تا رادەیەک بووژاوەتەوە.
 
د. بەهرۆز محەممەد، سەرۆكی بەشی زانستی ئاژەڵ لە كۆلێژی ‏كشتوكاڵ ‏‏لە ‏زانكۆی سلێمانی گوتی؛ "لە زانکۆی سلێمانی پرۆژەی پەلەوەرخانە بۆ خوێندکارانمان لە قۆناخی سێیەم و چوارەم دادەنێین، بەڵام ئەو توانایەی ئێمە لەبەردەستمانە، دەروەستی ئەو هەموو خوێندکارە نایەت کە لە بەشی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەخوێنن، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو خوێندکارانە بکات بۆ ئەوەی پرۆژەی تایبەتیی خۆیانیان هەبێت".
 
د. بەهرۆز محەممەد پێیوایە؛ "بەشێکی ئەوەی خەڵک روو ناکەنە پرۆژەی ئاژەڵداری بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسییە، ئەگینا خەڵکێکی زۆر هەن کە سەرمایەیان لەبەردەستە و توانای دانانی پرۆژەی گەورەشیان هەیە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری لە نرخی دۆلار و ئەو دۆخە ناهاوسەنگە سیاسییەی لە عێراق هەیە، دەست رادەگرن و پاشگەز دەبنەوە".
 
 
سەرۆكی بەشی زانستی ئاژەڵ لە كۆلێژی ‏كشتوكاڵ ‏‏لە ‏زانكۆی سلێمانی باس لەوەش دەکات کە لەدوای ساڵی 2014ـەوە کە قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دروستبوو، ژمارەی پرۆژەکانی ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان دابەزینی بەرچاویان بەخۆوە بینی، بەڵام دوای ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بووەوە، بەتایبەتی لە ساڵی 2018ـەوە دەستکرا بە پرۆژەی ئاژەڵداری و رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان رووی لە بەرزبوونەوەیە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە ئامارێکدا بڵاویکردووەتەوە، ‏11 هەزار‌و 23 دەرچووی كشتوكاڵی لە هەرێمی کوردستان هەن کە دانەمەزراون و لەو ژمارەیە 80%ـیان ‏لە رەگەزی مێن.
 
ئاژەڵی خۆماڵی دەنێردرێتە "خواروو و نێوەڕاستی عێراق"
 
ئاژەڵی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکرێت و ئاژەڵدارێکی گەرمیانیش هۆشداری دەدات؛ ئەگەر بەم شێوە هەڕەمەکییە بەردەوامبێت، ئەو ئاژەڵە مێیانەی گونجاون لەگەڵ ژینگە و خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستدەچن.
 
رۆبیتەن رەشید، ئاژەڵدار‏ لە گەرمیان بە پێویستی دەزانێت؛ بەرهەمهێنانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت و کوردستان خۆی بەرهەمهێن بێت و دەشڵێت؛ "وڵاتانی هەناردنکار هەرگیز ئەو ئاژەڵانە هەناردە ناکەن کە زاوزێ دەکەن، بەڵکو تەنیا ئەو ئاژەڵانە دەفرۆشن کە پیرن یان بۆ زاوزێ ناشێن".
 
رۆبیتەن رەشید باس لەوە دەکات کە ئەو ئاژەڵانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێنە خواروو و نێوەڕاستی عێراق، بە هەڕەمەکی دەنێردرێن و رەچاوی ئەوە ناکەن کە ئاخۆ ئەو ئاژەڵە بۆ زاوزێیە و نێر و مێ بەیەکەوە دەنێرن، بەم شێوەیەش سەرجەم ئەو ئاژەڵە مێیانەی گونجاون لەگەڵ ژینگە و خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستدەچن".
 
وەکو ئەو ئاژەڵدارە ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەگەر ئاژەڵی مێینە لە وڵاتانی دیکەشەوە هاوردە بکەین، بە جۆرێک دەستکاری جیناتیان کراوە کە دوای ساڵێک یان دوو ساڵ لە زاوزێ دەکەون، بۆیە دەبێ سنوورێک بۆ هەناردەکردنی مێینە خۆماڵییەکان دابنرێت".
 
 
پێدانی دۆلار بە نرخی پاڵپشتیکراو "نرخی گۆشت هەرزان دەکات"
 
بازرگانێکی هاوردەكاری ئاژەڵ دەڵیت، هاوردەکارانی عێراقی دۆلاریان بە نرخی پاڵپشتیکراو پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ئاژەڵی پێ هاوردە بکەن، بەڵام ئەو پاڵپشتییە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان نییە و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆلاریان بە 132 هەزار دینار پێبدات، نرخی کیلۆیەک گۆشت نزیکەی پێنج هەزار دینار دادەبەزێت.
 
تۆفیق محەممەد، بازرگانی هاوردەكاری ئاژەڵە و بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ چووەتە جۆرجیا و دەڵێت، چەندین ساڵە لە جۆرجیاوە جوانەگا بۆ سەربڕین و بەخێوکردنیش هاوردە دەکەم و لە رێگەی ئێرانەوە بە ترانزێت دەیهێنمەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا ئێرامن هەموو رێگەکانی داخستووە و ئەگەریش بە فڕۆکە بیهێنمەوە نرخەکەی هێندەی دیکە گران دەبێت.
 
ئەو بازرگانە گوتی، لە هەرێمی کوردستان هیچ بەرپرسێک نییە هاوکارمان بێت و داوا لە ئێران بکات رێگەمان پێبدات ئەو ئاژەڵانەی پێدا بهێنینەوە، ئێستا ئەگەر بە فڕۆکە بیهێنمەوە بۆ 17 تۆن جوانەگا 128 هەزار دۆلاری تێدەچێت، بەڵام جاران لە رێگەی ترانزیتەوە بە 50 هەزار دۆلار دەگەیشتەوە هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی تۆفیق محەممەد؛ "حکومەتی عێراق دۆلار بە نرخی پاڵپشتیکراو دەداتە بازرگانەکانی و هەر 100 دۆلارێک بۆ بازرگانانی عێراقی بە 132 هەزار دینار دەکەوێت، بەڵام ئێمە بە 156 و 157 هەزار دینار حەواڵەی دەکەین و بۆ هەر 100 دۆلاریش هەزار دینار پارەی حەواڵەمان لێ دەبڕێت".
 
ئەو بازرگانە پێیوایە؛ "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆلارمان بە 132 هەزار دینار پێبدات، هاوشێوەی ئەو نرخە پاڵپشتیکراوەی لە عێراقەوە دەدرێتە بازرگانەکانیان، نرخی کیلۆیەک گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پێنج هەزار دینار دادەبەزێت و لە 22 هەزار دینارەوە دەبێتە 17 بۆ 18 هەزار دینار و رەنگە زیاتریش دابەزێت".
 
هاوکات هیوا عەلی، "بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی؛ پێدانی دۆلار بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت بە بازرگانان و خاوەن پرۆژەکانی ئاژەڵداریی لە هەرێمی کوردستان سوودی زۆری دەبێت، ئێمە ئەو دەستپێشخەرییە دەخەینە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، لەبەر ئەوەی ئەو پرۆژەیە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی گۆشت".
 
.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."