سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی بازرگانیی کوردستان-ئەمریکا کۆبووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی بازرگانیی کوردستان-ئەمریکا کۆبووەوە. فەوزی هەریری رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، ئامادەن بۆ هەر پشتیوانی و هاوئاهەنگییەک برەو بە هاریکاریی هەمەلایەنەی نێوانیان بدات.
 
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، پێشوازی لە شاندەکە کرد. دواتر لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەرپرس و راوێژکارانی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا. 
 
فەوزی هەریری، هەڵسەنگاندنێکی گشتیی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشکێش کرد و باسی لە "کایە و دەرفەتەکانی کاری هاوبەشی نێوان کۆمپانیا و ناوەندە بارزگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد و ئامادەیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ هەر پشتیوانی و هەماهەنگییەک کە برەو بە هاریکاری و هاوبەشیی هەمەلایەنەی نێوان هەردوولا بدات، نیشان دا". 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی کوردستان ـ ئەمریکا، "باسی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا کرد و بە بایەخەوە، لە ژینگەی کارکردنی هەرێمەکە بۆ کار و پرۆژەی وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی سەرمایەی کۆمپانیاکانیان، دوا". 
 
ئەنجوومەنی بارزگانیی کوردستان ـ ئەمریکا ( USKBC)، ساڵی 2012 بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بارزگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا دامەزرا، ساڵانە کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان ئەنجومەنەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە