رووداو دیجیتاڵ
سەرژمێریی لە قۆناخی کۆتاییدایە و چوارشەممە و پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرکەس کارتی نیشتمانیی ون کردبێت لە سەرژمێریدا دەتوانێت ناسنامەی باری شارستانیی پێشكێش بکات."
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆ سەرژمێری، کارتی نیشتمانی بنەمای سەرەکییە، بەڵام کەسێک ئەگەر ونی کردبوو، دەتوانێت ناسنامەی باری شارستانی کە کونکراوە و کاری پێناکرێت، بداتە بژمێرەکە و پەسندی دەکات."
ئەوەی گرنگە بۆ بژمێرەکانی تۆمارکردنی سەرژمێری، تۆمار و لاپەڕەی تۆمارە (سجل و سەحیفە) ئەوەش لە کارتی نیشتمانیی و ناسنامەی باری شارستانیدا هەیە.
مەحموود عوسمان دەڵێت "ئاسانکاری تەواو کراوە، هەرکەس کارتی نیشتمانی و باری شارستانی بەردەست نەبوو دەتوانێت پاسپۆرت یان هەر بەڵگەنامەیەکی دیکە بداتە بژمێرەکە، بەڵام گرنگترین بەڵگەنامە کارتی نیشتمانییە."
بژمێرەکان کاتێک سەردانی ماڵەکان دەکەن، ئەگەر "هیچ ناسنامەیەک"ـیشی نەبێت هەر تۆماری دەکەن، بەڵام لە فۆڕمەکەدا ئاماژە بە نەبوونی ناسنامەی کەسەکە دەکەن. ئەمەش بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی مەحموود عوسمانە بۆ رووداو.
لەبارەی ئەوانەی لە ماڵەوە نین و کارتی نیشتمانییەکەش لای خۆیانە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی: "هەموو ئاسانکارییەک کراوە، ئەوانەی خۆیان لە ماڵەوە نین وێنەیەکی کارتی نیشتمانی بنێرن بۆ ماڵەوە و تەنیا لە مۆبایلەکەوە پیشانی بژمێرەکەی بدەن، تۆمار دەکرێت."
ئەمڕۆ قۆناخی کۆتایی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە 20 و 21ـی ئەم مانگە سەرژمێری گشتیی بەڕێوەبچێت. بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکەش هەردوو رۆژەکە کراوەتە پشووی فەرمی و قەدەخەی هاتووچۆش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ