رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای دووکان، لەکاتێکدا پلەی گەرما گەیشتووەتە نزیکەی 40 پلەی سیلیزی، دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی رێگەی سەرەکیی نێوان سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و هەولێریان داخست. دوای پێنج کاژێر لە خۆپیشاندان، قائیمقامی قەزاکە بە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە چووە نێو خۆپیشاندەران و رێگەکە کرایەوە.
بڕانی کارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی 7 تاوەکو 9 کاژێر لە رۆژێکدا لەکاتێکدایە، قەزای دووکان کارەبای مۆلیدەی ئەهلی نییە. ئەوەش ناڕەزایەتییەکی توندی خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەم وەرزەدا پلەکانی گەرما زۆر بەرزبوونەتەوە.
دێرین کەمال، دانیشتوویەکی دووکانە و نەخۆشی سەرجێگەی هەیە، ئاماژە بەوە دەکات گەرمای بێکارەبایی بووەتە هۆی نەخۆشکەوتنی منداڵان و دەڵێت: "دەچینە نەخۆشخانە پزیشک گاڵتەمان پێدەکات و دەڵێت منداڵەکەت بە گەرما تووشی نەخۆشی بووە. جێگەی سەرسوڕمانە وڵاتێک ئاو و کارەبای لەبەردەست خۆیدابێت، بەڵام منداڵ بەهۆی گەرمایەوە تووشی نەخۆشی ببێت."
شەنگار عەباس، خاوەنی چێشتخانەیە لە دووکان، باسی لە زیانە داراییەکانی کرد و گوتی: "دوێنێ تاوەکو کاژێر 7ی ئێوارە چێشتخانەکەم داخستبوو، کە کردوومەتەوە تەنیا 50 هەزار دینارم پەیداکردووە، ئەوەش زیانە چونکە شاگرد و کرێی دووکان و خەرجیم زۆرە. مۆلیدەشمان نییە، ئێستاش بەناچاری لەم کاتی نانی نیوەڕۆیەدا چێشتخانەکەمان داخستووە بەخۆم و شاگردەکانمەوە هاتووین بۆ خۆپیشاندان."
دارەوان رەسوڵ، دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: "لەبەر گەرما زۆر ئارەقمان کردووەتەوە، دەبێت بچین بۆ زێیەکە خۆمان فێنک بکەینەوە، لەماڵەوەش بە موقەبایەک خۆمان باوەشێن دەکەین. دۆخی منداڵ و بەتەمەنەکان زۆر خراپترە."
قەزای دووکان کە راستەوخۆ بەرهەمهێنەری کارەبایە، زیاتر لە 30 ساڵە کارەبای بەردەوامی هەبووە و لێنەبڕاوە، بەڵام نزیکەی 10 رۆژە رەچاوی ئەو تایبەتمەندییە نەکراوە و ڕۆژانە 7 تاوەکو 9 کاژێر کارەبایان لێ دەبڕدرێت.
پاش نزیکەی پێنج کاژێر لە گرتنی رێگە سەرەکییەکە، سیروان سەرحەت، قائیمقامی قەزای دووکان چوو نێو خۆپیشاندەران و رایگەیاند، لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
سیروان سەرحەت لەبارەی هەوڵەکانەوە گوتی: "تیمەکانی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر و سلێمانی و پارێزگای سلێمانی هەموویان لەسەرهێڵ بوون لەگەڵمان بۆئەوەی بەشێک لە داواکارییەکانی ئەم خۆپیشاندەرانە جێبەجێ بکەین. پێشتر کارەبا لە کاژێر 6ی بەیانی تاوەکو 11ی نیوەڕۆ و لە 4ی عەسر تاوەکو 7ی ئێوارە دەبڕدرا، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی کاتی بۆیان کەمکراوەتەوە بۆ کاژێر 9 تاوەکو 11ی بەیانی و 5 تاوەکو 7ی ئێوارە."
قائیمقامی دووکان بەڵێنی بە هاووڵاتییان دا و گوتیشی: "بەڵێن دەدەین لە 48 کاژێری داهاتوودا کارکردنی داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بێتەوە و دابەشکردنی کارەباش ئاسایی بێتەوە."
خۆپیشاندەران پاش وەرگرتنی ئەو بەڵێنانە رێگەکەیان کردەوە، بەڵام جەختیان کردەوە ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر نەکرێت، دووبارە دەست بە ناڕەزایەتییەکان دەکەنەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

