رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەڵێ، پابەندن بە بڕیاری حکومەت تایبەت بە نرخی سووتەمەنی و ئامادەن رێکار و رێنماییەکانی حکومەتیش جێبەجێ بکەن، بەڵام رۆژانە تەنیا یەک تانکەر بەنزینی 750 دیناری بۆ سنوورەکەیان دابیندەکرێت، کە پێداویستیی سنوورەکەیان پڕناکاتەوە.
رۆژی دووشەممە،27ـی تەممووزی 2026، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی کێشەی سووتەمەنی گوتی، "سووتەمەنی یەکێکە لە کەرەستە گرنگەکان کە کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت، چونکە گرانی بەنزین و ئامرازی گواستنەوە، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سەرجەم پێداویستییەکان. دەبوو حکومەت زووتر رێکاری بۆ هەرزانکردنی بەنزین بگرتایەتەبەر، بۆ ئەوەی خەڵک تووشی زیان نەبن و سووتەمەنی بەم شێوازە کەم نەبێتەوە لە شارەکاندا".
هیوا قەرەنی دەڵێ، "بە بۆچوونی ئێمە، هەرچەندە بازاڕی ئازاد لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام دەبێت حکومەت لە پرسی سووتەمەنیدا دەستوەردان بکات، چونکە نرخی بەنزین بەرزە و کاریگەری لەسەر بژێوی و ژیانی خەڵک هەیە".
لەبارەی بڕیاری حکومەت تایبەت بە نرخی بەنزین، هیوا قەرەنی دەڵێ، "ئێمە بەشێکین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندی سەرجەم بڕیار و رێنماییەکانی حکومەت دەبین، بەڵام بڕیاری حکومەت لەبارەی نرخی بەنزین، میکانیزمی گونجاوی بۆ دیاری نەکرابوو. بۆ نموونە، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین پاڵاوگە و گۆڕەپانی فرۆشتنی سووتەمەنی نییە، تەنیا بەنزینخانەکان لەم سنوورە هەن، کە بەنزین دەکڕن و بە نرخێکی دیاریکراو بە شۆفێرانی دەفرۆشنەوە، لە کاتێکدا بەنزینخانەیەک بە نرخێکی بەرز سووتەمەنی کڕیوە ناتوانێت بە نرخێکی نزم بیفرۆشێت".
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین رۆژانە یەک تانکەر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت. سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین داوای زیادکردنی بڕەکەی دەکات و دەڵێ، "ئەو یەک تانکەر بەنزینە 750 دینارییە بەشی 10٪ـی پێداویستییەکانی خەڵکی سنوورەکە ناکات. رۆژانە لە یەک بەنزینخانە بەنزینەکە دابەش دەکرێت. لە سنووری قەزای پشدەر بەنزینی 750 دیناری دابەشناکرێت و تەنیا لە سەنتەری قەزای رانیە بەنزینەکە دابەش دەکرێت. پێویستە بەنزینی 750 دیناری بۆ سنوورەکەمان زیاد بکرێت، چونکە سێ قەزا و 11 ناحیە لە سنوورەکەماندا هەن".
بەگوتەی هیوا قەرەنی، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە چەند رۆژی رابردوودا خواست لەسەر بەنزین بۆ دوو هێندەی پێشتر بەرزبووەتەوە و لەبارەی هۆکاری زیادبوونی خواستەکەش هیوا قەرەنی دەڵێ، "بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان، لە چەند رۆژی رابردوودا فرۆشتنی بەنزین لە سنوورەکەمان بووەتە نزیکەی دوو هێندە، چونکە شۆفێران لە پارێزگای هەولێر و سنووری ئیدارەی سۆرانەوە دەهاتنە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ کڕینی بەنزین، چونکە بەنزینیان لە ناوچەکانی خۆیان دەست نەدەکەوت".


