رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا پلانی هەیە زانکۆیەک لە حەسەکە بکاتەوە و ناوی زانکۆی پارێزگاکەش کە "زانکۆی رۆژئاڤا"ـیە بگۆڕێت، جێگری پارێزگاری حەسەکە، پلانەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ ئەو پرسە و پەسندکردنی زمانی عەرەبی وەکو زمانی فەرمی خوێندنی گشتی و زمانی کوردی وەکو بژاردە ئاشکرا کرد.
ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و گوتەبێژی لیژنەی سەرۆکایەتیی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی 2026 ، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی وردی هەیە بۆ باشترکردنی رەوشی خوێندنی لە زانکۆکان، لەنێویاندا کردنەوەی زانکۆیەکی حکومی و لێکۆڵینەوە لە دەرفەتی کردنەوەی زانکۆی تایبەت بەپێی پێویستییەکانی پارێزگای حەسەکە."
لەبارەی گۆڕینی ناوی "زانکۆی رۆژئاڤا" هیلالی دەڵێت، "ناوێکی گونجاوی بۆ پەسند دەکرێت، بەجۆرێک ناسنامەی نیشتمانیی گشتیی هەموو خەڵکی پارێزگای حەسەکە پێشان بدات، هەروەها لە بنەڕەتدا زمانە سەرەکییە پەسندکراوەکانی خوێندن لە زانکۆی رۆژئاڤا هەر عەرەبی و ئینگلیزین و هیچ گۆڕانکارییەک لەم رووەوە روو نادات."
بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی گشتی بۆ قۆناخەکانی خوێندن لە پۆلی 1-12، هیلالی دەڵێت، "پرۆگرامی نیشتمانی بەگوێرەی زمانی فەرمیی کۆمار کە عەرەبییە پەسند دەکرێت، لەگەڵ ئامادەکردنی وانەیەکی خوێندنی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریادا."
"کردنەوەی دەروازەی نسێبین-قامشلۆ سێ مانگی دیکەی دەوێ"
تورکیا و سووریا رێککەوتوون لەسەر کردنەوەی دەروازەی نسێبین-قامشلۆ، شاندێکی حکومەتی سووریا رۆژی یەکشەممە 26-7-2026 سەردانی ئەو دەروازەیەی کردبوو، ئەحمەد هیلالی لەنێو شاندەکەدا بوو، لەوبارەوە دەڵێت، "رەنگە ئامادەکارییەکانی کردنەوەی دەروازەی نسێبین 3 مانگ بخایەنێت، بە کردنەوەی دەروازەکە بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا دەبووژێنێتەوە."
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی لیژنەی سەرۆکایەتیی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم دەڵێت، "ئەم دەروازەیە پرۆژەیەکی ستراتیجییە بۆ پارێزگای حەسەکە و بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا لە رێگەی خاکی سووریاوە دەبووژێنێتەوە."
ئەحمەد هیلالی وردەکاریی دیکەشی لەوبارەوە ئاشکرا کرد و دەڵێت، "لەگەڵ حەموود ئەلحەموود، بەڕێوەبەری دەروازەی سێمالکا، سەردانی شوێنی دەروازە سنوورییەکەیان کردووە بۆ بەدواداچوونی کارەکان، لە سەردانەکەدا، ئاگاداری پرۆسەی پاککردنەوەی شوێنەکە و هەڵگرتنەوەی مین بوون، هەروەها رووپێوی ئەندازیاریی ناوچەکە بە سەرپەرشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان کراوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکی و لۆجیستییەکانی دەروازەکە."
هیلالی دەڵێت، "دەروازەی نسێبین پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ پارێزگای حەسەکە" چاوەڕوان دەکرێت "بازرگانی، گواستنەوە و ترانزێت لەنێوان تورکیا و عێراقدا لە رێگەی خاکی سووریاوە ببووژێنێتەوە، گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا زیاد بکات، بەتایبەتی لەگەڵ زیندووکردنەوەی پرۆژەی بەستنەوەی ئۆتۆبان لەنێوان دەروازەی نسێبین و ئەلوەلید لە یەعروبیە یان تل کۆچەر."


