کەسوکاری دوو کۆچبەری بێسەروشوێنبووی پاوە داوای هاوکاری دەکەن

17-01-2024
فواد حەقیقی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 35 رۆژە دوو گەنجی خەڵکی شاری پاوە، سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی کۆچکردنیان بۆ بەریتانیا لە دەریای مانشدا بێسەرشوێن بوون و چارەنووسیان دیار نییە، باوکی ئەو دوو گەنجە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ زانینی چارەنووسی کوڕەکانیان هاوکاریان بن.
 
سەیفەدین مستەفایی، باوکی هیوا، یەكێک لە کۆچبەر ونبووەکان دەڵێت "35 رۆژە کوڕەکەمان بێسەرشوێن بووە و داوا لە حکومەتی ئێران، فەرەنسا، هەرێمی کوردستان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم، بۆ دۆزینەوە کوڕەکانمان یارمەتیدەرمان بن."
 
دایکی هیوا مستەفایی و باوکی نیما شاسواریش دەڵێن، بەلەمی کوڕەکانیان لە دەریای مانش لە نێوان فەرەنسا نقووم بووە، داوا لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، چارەنووسی کوڕەکانیان روونبکەنەوە.
 
هیوا مستەفایی و نیما شەهسەواریی، خەڵکی گوندی خانەگا سەر بە شاری پاوەی پارێزگای کرماشانن، رۆژی 15.12.2023 لەگەڵ نزیکەی 70 کەسی دیکە لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا رۆیشتوون، بەڵام بەلەمەکەیان لە دەریای مانشدا نوقم بووە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
هیوا مستەفایی تەمەنی 27 ساڵە، کەسوکارەکەی دەڵێن باری ئابووریی باش نەبووە، بە وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان و هاوکاریی خەڵکی دیکە، پارەیان بۆ کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێی بچێتە ئەوروپا.
 
نیما شەهسەواری، تەمەن 24 ساڵ، ئەویش بێکار بووە و نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر لە گوندەکەی خۆیان، واتە خانەگا، بەڕێکەوتووە و وەک هیوا خۆی گەیاندووەتەوە فەرەنسا.
 
هێمن برای هیوا ماوەیەک لەمەوبەر لە شاری پاوەوە لە رێگەی واتسئەپەوە بە رووداوی گوت "لێرە دەستەوەستان ماوینەتەوە، لە فەرەنسا کەس ناناسین، چەند کەسێکی ئاشنامان لە فەرەنسا و بەریتانیا هەن، بەڵام چونکە هێشتا مافی پەنابەریەتییان وەرنەگرتووە، ناوێرن بچن لە نەخۆشخانەکان و شوێنەکانی دیکە بە شوێنیاندا بگەڕێن."
 
هێمن دەڵێ "لەو کاتەوە، هیچ زانیارییەکمان لەسەر براکەم نییە، بە خاچی سوور دەڵێین، بەڵام وەڵاممان ناداتەوە، ئەگەر لە رێگەی یاساییشەوە بەدواداچوونی بۆ بکەین، کێشەیان بۆ دروست دەبێت، چونکە ئەوان بە قاچاخ رۆیشتوون، ئەگەر من بە شوێن کارەکانیاندا بچم، رەنگە بیانگەڕێننەوە بۆ ئێران."
 
ژمارەی دانیشتووانی خانەگا زیاتر لە هەزار کەسە، بەڵام بەگوتەی دانیشتوویەکی ئەو گوندە، لەم چەند ساڵەدا نزیکەی 150 کەس لە گەنجەکانی روویان لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا کردووە. هەر لەو بەلەمەدا کە هەفتەیەک لەمەوبەر نوقم بوو، 6 کەسیان خەڵکی خانەگا بوون.
 
لەو ساڵانەدا کۆچکردنی خەڵک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بووەتە دەیاردە، ئەم بابەتە جگە لە خەڵکی بێکار و لاوانێک کە هیوایان بە داهاتوو نییە، توێژە جۆراوجۆرەکانی دیکەشی گرتووەتەوە، بۆ نموونە مامۆستایانی زانکۆ و فیلمسازەکان.
 
هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ دۆخی خراپی ئابووری، نەبوونی هیوا بە داهاتوو، نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنیی دەگەڕێتەوە. ئەم بارودۆخە بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان سەختتریشە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.