رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140ـى دەستوورى عێراق چەکى قەرەبووى 845 ئاوارەى کەرکووک بڵادەکاتەوە بۆ ئەوەى قەرەبووى دارایی بکرێنەوە، لەسەر هەمان بودجەش قەرەبووى 775 کەس لە بابل و 236 کەسى دیکە لە واست دەکاتەوە.
لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 لە بانگەوازێکدا ناوى ئەو 845 ئاوارەیەى کەرکووکى بڵاوکردووەتەوە و داوادەکات سەردانى نووسینگەى کەرکووکى لیژنەکە بکەن بۆ ئەوەى چەکى قەرەبووەکانیان وەربگرن.
ئەوە یەکەمجارە لەدواى 8ـی تشرینى دووەمى 2023ـوە قەرەبووکردنەوەى مادەى 140ـی کەرکووک رابگەیێندرێت، دوایین گوژمە بۆ قەرەبووکردنەوەى 250 عەرەبی هاوردە بوو.
هەر ئاوارەیەک کە قەرەبووى مادەى 140 بیگرێتەوە، بڕى 10 ملیۆن دینارى پێدەدرێت وەک قەرەبووى راگواستنى لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعسدا.
لەگەڵ راگەیاندنى ناوى ئەو ئاوارەى لە کەرکووک قەرەبوو دەکرێنەوە، لیژنەکە ناوى 775 کەسی لە واست و 236ـى دیکەى لە بابل بڵاوکردووەتەوە، کە بەگوێرەى ئەو مادەیەى دەستوور قەرەبوو دەکرێنەوە.
لە یاساى بودجەى گشتیی عێراق بڕى 100 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارە و عەرەبە هاوردەکان لەو ناوچە کێشەلەسەرانەى ماددەکە دەیانگرێتەوە.
جێبەجێکردنى مادەى 140ـی دەستوورى عێراق، بەگوێرەى قۆناخەکانى ئاساییکردنەوە، سەرژمێرى و راپرسی دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەى چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان.
بۆ بینینی لیستی ناوەکان، کلیک بکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ