رووداو - دیجیتاڵ
دوای سووتەمەنی، شەپۆلێکی دیکەی گرانی رووی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەمجارە گۆشتی سووری گرتووەتەوە. لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا، نرخی هەر کیلۆیەک گۆشت لە 18 هەزارەوە بۆ سەرووی 24 هەزار دینار بەرزبووەتەوە؛ قەسابەکان هۆکارەکەی بۆ کەمیی ئاژەڵ و ناردنی بۆ بەغدا دەگەرێننەوە.
سالم سەباح، قەسابێکی بازاڕە و دەڵێت، پێشتر ئاژەڵ لە سووریا، تورکیا و ئێرانەوە دەهات، بەڵام ئێستا زۆربەی دەچێتە بەغدا و لەوێش نرخەکەی گرانتر دەبێت. هەندرێن رەشید، گۆشتفرۆشێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە "ئاژەڵ لە هیچ شوێنێکەوە نایەت، تەنیا لە ئێرانەوە بە قاچاخ و بە بڕێکی کەم دەگات، لەکاتێکدا خواست لەسەر گۆشت زۆرە، ئەمەش نرخەکەی بەرزکردووەتەوە."
نرخی گۆشت لە شارەکانی هەرێمی کوردستان: ئێستا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان شارەکاندا دەبینرێت و سلێمانی بە گرانترین شار دادەنرێت:
- سلێمانی: گۆشتی بەرخ 26,000 - گۆشتی گۆلک 24,000 دینار.
- هەولێر: گۆشتی بەرخ 24,000 - گۆشتی گۆلک 18,000 دینار.
- دهۆک: گۆشتی بەرخ 23,000 - گۆشتی گۆلک 20,000 دینار.
- هەڵەبجە: گۆشتی بەرخ 22,000 - گۆشتی گۆلک 20,000 دینار.
رەوا ئەکبەر، گۆشتفرۆش لە هەڵەبجە دەڵێت: "هەڵەبجە بەراورد بە شارەکانی دیکە سێ هەزار دینار هەرزانترە، ئێستا لە سلێمانی گۆشتی بەرخ بە 27 هەزار دیناریش دەفرۆشرێت."
خەڵک پەنا بۆ مریشک دەبات گرانیی گۆشت کاریگەریی راستی لەسەر بژێوی و توانای کڕینی هاونیشتمانییان دروستکردووە، بەتایبەت لەکاتێکدا کە دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت. شێرزاد ئەنوەر، هاونیشتمانییەک دەڵێت: "خەڵک پارەی نییە و کار و کاسبی کەمە، مووچەش 50 رۆژ جارێک دێت، بۆیە زۆر کەس ناتوانن گۆشت بکڕن."
کامەران فەتاح، یەکێکی دیکە لە هاونیشتمانییان باس لە گۆڕینی سیستەمی خواردنی ماڵان دەکات و دەڵێت: "ئێستا خەڵک زیاتر مریشک دەکڕێت. بۆ میواندارییەک ئەگەر پێنج کیلۆ گۆشت بکڕیت، دەبێت 110 هەزار دینار بدەیت، بەڵام بە 40 هەزار دینار دەتوانیت سێ مریشک بکڕیت و کارەکەت رایی بکەیت."
پوختەی هۆکارەکانی گرانیی گۆشت:
- کەمیی هاوردەکردن: راگرتنی هاوردە لە تورکیا و سووریاوە.
- ناردنی ئاژەڵ بۆ بەغدا: بازرگانەکان ئاژەڵی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و
خواری عێراق دەبەن.
- قاچاخچێتی: کەمیی ئەو ئاژەڵانەی لە ئێرانەوە بە قاچاخ دەهێندرێن.
- دواکەوتنی مووچە: کەمیی نەختینە لای خەڵک وایکردووە تەنیا چینی دەوڵەمەند
بتوانن گۆشت بکڕن.
پێشبینی دەکرێت ئەگەر حکومەت رێگری لە ناردنی ئاژەڵ بۆ بەغدا نەکات و رێگەی هاوردەکردن ئاسان نەکات، لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکان زیاتریش بەرز ببنەوە.


