رووداو - دیجیتاڵ
دایکێکی تەمەن 31 ساڵ، هەفتەیەکە لەگەڵ دوو منداڵە بچووکەکەیدا، شەقام و پارکەکان بوونەتە ماڵیان. ئەم ژنە کە تەمەنی تەنیا 31 ساڵە، بەڵام ئەشکەنجە و زەحمەتیی ژیان هێندە رەنگی لە رووخساری بڕیوە، زۆر لە تەمەنی خۆی بەساڵاچووتر دەردەکەوێت. کچە تەمەن ساڵ و نیوەکەی لە برسا و لەبەر گەرما دەگری و کوڕە 10 ساڵانەکەشی پێستی لەبەر خۆری تەممووز سووتاوە.
چیرۆکی ئەم ژنە بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە؛ ساڵی 2010 کاتێک تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بووە، لەگەڵ کوڕێکی 18 ساڵەی خەڵکی خەبات رادەکات و هاوسەرگیری دەکەن. لەو کاتەوە بنەماڵەکەی کە خەڵکی دهۆکن، حاشایان لێکردووە و دەرگایان لێ داخستووە. دوای ساڵانێک لە ئەشکەنجەدان و ژیانێکی پڕ لە ئازار، هاوژینەکەی سێ مانگ پێش ئێستا تەڵاقی داوە و بەبێ پارە و پەناگە، خۆی و منداڵەکانی فڕێداوەتە سەر شەقام.
دایکی منداڵەکان بە گریانەوە بە رووداوی راگەیاند: "دایک و باوکم 16 ساڵە نەمبینیون و قسەم لەگەڵ ناکەن. تەنیا دایکم جاری وا هەیە بە تەلەفۆن وەڵامم دەداتەوە، کە پەیوەندیم پێوە کرد گوتی 'کێشەی خۆتە، بۆ هەر کوێ دەڕۆی بڕۆ'. ئێستا حاڵم لە حاڵی سەگ خراپترە؛ وەرە نە جێگەت هەبێت و نە نان، کچەکەت لە برسا بگری و جێگەت نەبێت لەم گەرمایەدا بیخەوێنی، ئەوە کەی ژیانە؟"
رووداو پەیوەندی بە دایکی ژنەکەوە کرد لە دهۆک، بەڵام وەڵامەکەی هێندەی دۆخی کچەکەی سارد و سەخت بوو. دایکی ژنە بێماڵەکە گوتی: "ئەو چەند ساڵە رۆیشتووە و کەس قبووڵی ناکات بگەڕێتەوە. با بڕوات سکاڵا لەسەر پیاوەکەی بکات، مادەم دەستی لێبەرداوە با ئەویش مافی خۆی بسێنێت، ئێمە چیدی ئەو کچەمان ناوێت."
هاوژینی پێشووی ئەم ژنە، کە تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان و فڕێدانی خێزانەکەی، وەڵامی پەیوەندییەکانی رووداوی نەدایەوە. ژنەکە دەڵێت: "هەموو رۆژێک لێدان و قوربەسەری بوو، کە بە کەسوکاری هاوژینەکەشم دەگوت، دەیانگوت کێشەی خۆتە."
منداڵەکان بێ ناسنامەن کارەساتەکە تەنیا بێماڵی نییە؛ هەردوو منداڵەکەی ئەم خانمە تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە ناسنامە و "کارتی نیشتمانی"یەکیان بۆ دروست نەکراوە. هەر بەو هۆیەوە کوڕە گەورەکەی کە تەمەنی 10 ساڵە، تاوەکو ئێستا نەچووەتە بەر خوێندن و لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراوە.
ئێستا ئەم دایکە و دوو جگەرگۆشەکەی، لە نێوان "حاشاکردنی" بنەماڵەکەی و "بێباکی" هاوژینی پێشووی و "بێ ناسنامەیی" منداڵەکانیدا، لەسەر شۆستەکان چاوەڕێی ویژدانی مرۆڤایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن تاوەکو لەم گەرما کوژەرەی تەممووزدا رزگاریان بکەن.
...


