رووداو - دیجیتاڵ
لە دادگای تێهەڵچوونەوەی خورماتوو، 15 جووتیاری کوردی گوندی "تەپەسەوز" رووبەڕووی دادگا کرانەوە. ئەمە دوای زنجیرەیەک سکاڵای "عەرەبە هاوردەکان" دێت کە دەیانەوێت دەست بەسەر زەوییەکانیاندا بگرن. لە کەرکووکیش، ئەو جووتیارەی بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکەوە راکێشرا، بۆ جاری 29ـەمین چووەوە بەردەم دادوەر.
لە گوندی تەپەسەوز، ململانێ لەسەر زەوی و زار گەیشتووەتە نێو هۆڵەکانی دادگا. عەرەبی هاوردە دەیان سکاڵایان لەسەر کوردانی ناوچەکە تۆمار کردووە، بەجۆرێک ئێستا زۆربەی دانیشتووانی گوندەکە، لە گەنج و بەتەمەن، تەنانەت ئەوانەشی کۆچی دواییان کردووە، دۆسیەی یاساییان لەسەر کراوەتەوە.
جابر حەمید، جووتیارێکی گوندی تەپەسەوزە و بە رووداوی راگەیاند: "سکاڵایەکیان لەسەر تۆمار کردووم کە گوایە پارساڵ رێگریم لێ کردوون و بەردم لێ گرتوون، سکاڵایەکی دیکەشیان لە جیاتی باوکم لەسەر تۆمار کردووم کە کۆچی دوایی کردووە."
عەدنانی برای جابر دەڵێت: "شارەکەیان لێ حەرام کردووین، چونکە پاڵپشتییەکی زۆری ئەو عەرەبانە دەکرێت." غەفوور ئەحمەدیش کە تەمەنی لە سەرووی 70 ساڵە، جەخت دەکاتەوە کە لە ساڵی 1955ـەوە ئەو زەوییانەیان بەدەستەوەیە و ئێستا تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، "شەڕیان پێ دەفرۆشرێت."
بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە تووشی جەڵتە بووە، شکار مەردان، پارێزەری جووتیارەکان رایگەیاند کە دادگا دانیشتنەکەی بۆ 24ـی ئابی داهاتوو دواخستووە.
چیرۆکی محەممەد ئەمین؛ 29 جار چوون بۆ دادگا لەلایەکی دیکەوە، محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارەی لە 17ـی شوباتی 2025 لە خۆپێشاندانی جووتیارانی سەرگەڕان بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکەوە راکێشرا و دیمەنەکەی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، جارێکی دیکە لە دادگای کەرکووک بوو.
محەممەد ئەمین تاوەکو ئێستا 29 جار بانگهێشتی دادگا کراوە، ئەو بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆش دانیشتنەکە دواخرا بۆ 23ـی مانگی داهاتوو، چونکە ئەو سەربازەی سکاڵام لەسەر تۆمار کردووە ئامادە نەبوو، بەڵام سکاڵاکەی من جووڵەی تێکەوتووە و گوتەی خۆمم لە بنکەی پۆلیسی تسعین داوە."
کێشەی زەوی و زار بە کورتی:
- تەپەسەوز: 15 جووتیار لەژێر فشاری یاساییدان و دانیشتنەکەیان بۆ 24/8 دواخرا.
- سەرگەڕان: محەممەد ئەمین بۆ جاری 29ـەم چووە دادگا و دانیشتنەکەی بۆ 23/8دواخرا.
- هۆکاری سەرەکی: هەوڵی عەرەبی هاوردە بۆ داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
- ئاستەنگەکان: جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد دەرچوون.
سەرەڕای دەرچوونی چەندین بڕیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زار لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام جووتیارانی کورد دەڵێن، لەبەر ئەوەی بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کەرکووک و سەڵاحەددین جێبەجێیان ناکەن.

