حەج و عومرە: ئەمساڵ 7 هاونیشتمانی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ نەخۆشییەک لەنێو عومرەکاندا نییە و مردنی هاونیشتمانییان لە سعودیە، بە هۆکاری سرووشتییە.
 
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، 7 هاونیشتمانی کە بۆ عومرە لە سعودیە بوون، لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە".
 
بە گوتەی کاروان ستوونی، مردنی هاونیشتمانییان بە هۆکاری بڵاوبووونەوەی نەخۆشی یان هۆکاری هاوشێوە نییە، گوتیشی "لەو 7 کەسەی ئەم ساڵ لە سعودیە مردوون، شەشیان مردنی ئاسایی بووە، ئەوی دیکەشیان بە هۆکاری رووداوی هاتووچۆوە بووە." 
 
لەبارەی ئامارەکانیشەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەم ساڵ ئاماریان کۆنەکردووەتەوە، بەڵام ساڵی رابردوو نزیکەی 70 هەزار هاونیشتمانی عومرەیان کردووە.
 
"نرخی گەشتی عومرە بەرزە"
 
بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان، نرخی گەشتی عومرە نزیکەی دووهێندە بەرزبووەتەوە. بەڵام کاروان ستوونی دەڵێت، بەراورد بە سەرەتای رەمەزان، کەمێک نرخەکە دابەزیوە.
 
پێش مانگی رەمەزان، نرخی گەشتی عومرە لە رێگەی ئاسمانییەوە 850 دۆلار بوو، لە سەرەتای رەمەزان بە خزمەتگوزارییەوە گەیشتە هەزار و 600 دۆلارە؛ لە رێگەی وشکانیش لە 400 دۆلارەوە بۆ 10 رۆژ، بەرزبووەوە بۆ 900 دۆلار بۆ 15 رۆژ.
 
لەبارەی نرخی ئێستا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، "نرخ کەمێک دابەزیوە؛ گەشتی وشکانی ئێستا نزیکەی 800 دۆلارە و ئاسمانیش هەزار و 300 دۆلارە و بەگوێرەی خزمەتگوزاری زیاتر و کەمتریش کەمێک دەگۆڕێت".
 
کاروان ستوونی باسی لە هۆکاری گرانی نرخی ئێستا کرد و گوتی، "هۆکارەکە گرانبوونی نرخی هۆتێل و خزمەتگوزارییەکانە لە سعودیە، چونکە لە رەمەزاندا لە جیهانەوە موسڵمانانی زیاتر سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە