رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، رێکارەکانی دامەزراندنی 500 کەس لە ئەنجوومەنی راژە تەواو بووە و تەنیا واژۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی ماوە.
دوای بڕیارێکی سەرۆکوەزیران بۆ دامەزراندنی 500 کەس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و جیاکردنەوەی ناوەکان، تاوەکو ئەمڕۆ ناوەکان ئاشکرا نەکراون.
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوی ئەو کەسانەی بڕیارە دابمەزرێن لە 28-11-2024 لە ئەنجوومەنی راژەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ پەسەندکردن".
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنی ناوەکانەوە شاهین رەزا گوتی: "لەو ماوەیەدا رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تەواوکراون و هیچ شتێکی دیکە نەماوە، هەروەها پشووەکانی سەری ساڵیشی بەسەردا هات، ئێستا تەنیا واژۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ماوە و چاوەڕوانین لەم مانگەدا واژۆی بکات و بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بڵاوکردنەوەی ناوی وەرگیراوان، چەند رۆژێک بۆ پەڵپگرتن دیاری دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک شیاوی دامەزراندن بووبێت و کەسێکی ناشایستە لە شوێنی دامەزرابوو راستی بکەنەوە.
22ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە و لە خاڵێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە.
دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران، حوزەیرانی ئەم ساڵ بەشێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری دامەزراندنەکە پڕکرایەوە و دواتر 500 ناو بەگوێرەی مەرجەکان هەڵبژێردران، بەڵام ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ