رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێشتا گرژییەکانی ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی، "خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە قەیرانی زۆر گەورەتمان تێپەڕاندووە و ئەمە قەیرانەش تێدەپەڕێنین".
لەبارەی مووچە، مەسرور بارزانی رایگەیاند، بابەتی "120 ملیار دینارەکە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرزکراوە کە دەبێ بیدات، بەڵام لەکاتێکدا کە بازرگانی نەمێنێ و داهات کەم بکات، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان دەکات و پێویستە حکومەتی فیدراڵ پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات".
لەبارەی نرخی بەنزین، مەسرور بارزانی گوتی، هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخەکەی بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوەیە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین بەهۆی تێچووی دەرهێنانی نەوتە لەسەر کۆمپانیاکان لە عێراق، "بەڵام ئێمە لەوە سوودمەند نین، بۆیە ئەوە دەچێتە سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بڕی بەکارهێنانی بەرهەمی نەوت بۆ نێوخۆ کرد و گوتی، بەگوێرەی ئەو بڕە بودجەیەی لە دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، دەبووایە هەرێمی کوردستان رێگەی پێبدرایە 126 هەزار 700 بەرمیل نەوت لە جیاتی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکاربهێنێت، بۆیە داوایان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە قسە لەگەڵ بەغدا بکەن تاوەکو ئەو رێژەیە بەرزبکەنەوە.
نوێدەکرێتەوە

.jpeg&w=3840&q=75)

