رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە راگرتنی، بڕیارە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و زیادکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو، بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە پارێزگای هەولێر دەستپێبکاتەوە.
سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر رۆژی پێنجشەممە، 16-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ کاروبارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک وەکو یەکەم پارێزگا لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی شاندی بەغداین بێن و ئەپڵیکەیشنی بە ئەلیکترۆنیکردنەکە کارا بکەن".
نانەکەلی گوتی، بڕیار بوو 05ـی ئەم مانگە شاندی بەغدا سەردانی هەولێر بکەن بۆ کاراکردنی ئەپڵیکەیشنەکە، بەڵام دواکەوتووە. گوتیشی: "پێدەچێت بکەوێتە مانگی داهاتوو".
لە رۆژی 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک، زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت: "لەگەڵ کارابوونی ئەپڵیکەیشنەکە هەموو کارە راگیراوەکان دەستپێدەکەنەوە".
بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک لە یەک پارێزگای عێراق وەکو تاقیکاری (تێست) لە ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە. بڕیارە لە هەولێریش سەرەتا وەکو یەکەم پارێزگا دەستپێبکات و دواتر پارێزگاکانی دیکەش بگرێتەوە.
سیامەند نانەکەلی گوتی، "هەرکات سیستمەکە لە هەولێر کارا کرا، ئەگەر کەسێک پێشتر دانیشتووی سلێمانی یان دهۆک بووبێت ئێستا لە هەولێر بژی، دەتوانێت فۆڕمی خۆراکەکەی بگوازێتەوە هەولێر، بەو مەرجەی مامەڵەکانی لە شاری پێشووەوە دەستپێبکات نەوەکو سیستمەکە لە هەولێرەوە."
بڕیارە لە سیستمی ئەلیکترۆنیی خۆراکدا، هاونیشتمانییان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایلەوە لە ماڵی خۆیانەوە مامەڵەکان بەڕێوەببەن، ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو زیاد بکەن، یان ناوی مردوو لە فۆڕمەکە بسڕنەوە.
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە گۆڕانکاری تێدا بکات.
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ