رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێی یانەی وەرزشیی زاخۆ پلان و بەرنامەی کارگێڕیی نوێی یانەکەی بۆ وەرزی داهاتوو ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئامانجی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان، بەدەستهێنانی ناسناوی خولی عێراق و پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری وەرزشییە لە دەڤەرەکەدا.
چیا ئەمین، سەرۆکی یانەی وەرزشیی زاخۆ، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لە پۆدکاستی "بەکاتی دهۆک" لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، کارگێڕیی نوێی یانەکە بە پاڵپشتیی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانێکی قۆناخ بە قۆناخی بۆ سەرجەم سێکتەرەکان داڕشتووە تاوەکو یانەکە بگەیێننە ئاستێکی باڵا.
گرێبەستێکی مارکێتینگ بە بەهای 2.5 ملیار دینار
سەرۆکی یانەی زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لە یەکەم هەنگاودا، گرێبەستێکی مارکێتینگی 3 ساڵەیان بە بەهای 2.5 ملیار دینار واژۆ کردووە، کە پێشتر بەو شێوازە رێکخراو نەبووە. گوتیشی: "ئەم گرێبەستە پاکێجێکی گشتگیرە بۆ لۆگۆ، درێس و براندکردنی یانەکە بە ستانداردی جیهانی، داهاتێکی باشیش بۆ یانەکە دابین دەکات."
چارەسەرکردنی قەرزەکان و کێشەی فیفا
سەبارەت بە بارگرانیی دارایی یانەکە، چیا ئەمین ئاشکرای کرد، نزیکەی 4 ملیار دینار قەرزیان لەسەرە، بەڵام لە رێگەی رێکارە یاساییەکانەوە خەریکی چارەسەرکردنین. جەختیشی کردەوە کێشەی ئەو سکاڵایانەی لەسەر ئاستی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA) لەسەر یانەکە هەبوون، بە تەواوی چارەسەر دەکرێن.
پلانی ستراتیژی بۆ کۆکردنەوەی 6 ملیار دینار
سەرۆکی یانەکە باسی لەوە کرد ناکرێت تەنیا پشت بە بودجەی 400 ملیۆن دیناریی حکومەت ببەسترێت، بەتایبەت لەم کاتی قەیرانەدا. راشیگەیاند: "3 بۆ 4 پلانی وەبەرهێنانمان هەیە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێن، داهاتی یانەکە دەگەیێننە نزیکەی 6 ملیار دینار. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا مووچەی یاریزانان و وەرزشوانان بدرێت و چیدیکە کێشەی دارایی دروست نەبێت."
گرێبەستی نوێ و هێنانی یاریزانی پیشەگەر
سەرۆکی یانەی زاخۆ هێشتنەوەی کاپتن هاروونی وەک سەرکەوتنێکی کارگێڕی ناوبرد و گوتی دوای دانوستاندنــێکی زۆر، باوەڕیان پێ کردووە لە یانەکە بمێنێتەوە. سەبارەت بە پێکهاتەی نوێی تیمی زاخۆش گوتی: "بۆ وەرزی نوێ، چەندین یاریزانی سوپرایز و لێهاتوو لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە دەهێنینە ریزەکانمانەوە؛ تیمێک دروست دەکەین کە سەرجەم یانەکانی عێراق حسابی بۆ بکەن و رکابەری لەسەر نازناو بکات."
بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ دهۆک
سەرۆکی یانەی زاخۆ جەختی لە پەیوەندیی تووندوتۆڵی نێوان یانەی زاخۆ و دهۆک کردەوە و رەتی کردەوە چاوپۆشی لە هەر جۆرە گرژی و ناتەباییەک لە نێوان هاندەرانی هەردوولادا بکرێت. گوتیشی: "رێگە نادەین یارییەکان بێ هاندەر بەڕێوە بچن، بەرنامەمان هەیە لە یەکەم یاریی لە دهۆک، وەک کارگێڕی بچینە ناو هاندەرانەوە بۆ چەسپاندنی کلتوور و گیانی وەرزشیی پێشکەوتوو."
پەرەپێدانی گەشتوگوزاری وەرزشی لە زاخۆ
چیا ئەمین، کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆیە، تیشکی خستە سەر پلانی درێژخایەنیان بۆ بەستنەوەی وەرزش بە گەشتوگوزارەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت هاوشێوەی یانە گەورەکانی ئەورووپا (وەک ریال مەدرید و بارسێلۆنا) ژێرخانی یاریگەی زاخۆ و دەوروبەری بە تەواوی رێک بخەن، پۆلێن و دیزاینەکەی نوێ بکەنەوە تاوەکو ببێتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ راکێشانی گەشتیاران.
.jpg&w=3840&q=75)