رووداو دیجیتاڵ
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد؛ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵیش دەڵێت، بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە "لێواری هەڵدێرێکی خراپدایە" بۆ چاکبوونی پێویستی بە هەموو لایەنەکانە.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزیرانی 2026، فەخرەدین قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان کرا، کە لە لێواری هەڵدێرێکی خراپدایە. ئاماژە بە سەردانی تۆم باراک بۆ هەرێمی کوردستان کرا کە یەکێتی و پارتی بینیوە؛ ئێمە لە دۆخێکداین خەریکە لە دەرەوە و ناوەوەش رۆژ بە رۆژ دۆستەکانمان کەم دەبنەوە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە و پێویستی بە هەموو لایەنەکانە.
سەبارەت بە دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، وەکو ئەوەی یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ کردوویەتی، فەخرەدین قادر گوتی: "بە هیچ شێوەیەک باسی هاوپەیمانێتی نەکرا، ئەو بابەتە بە هاوپەیمانێتی و پەنابردن بۆ زۆرینە ناکرێت، بەوە دەکرێت کە هەموو حیزبەکان پێکەوە شان بدەنە بەر ئەو بارە لارەی هەرێمی کوردستان و راستی بکەنەوە."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لە بارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: "تاوتوێی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە." هەروەها دەڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و گرنگیی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوانیان بووە.

