رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سلێمانی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و رێبەری سەلەفییەکان کۆتایی پێهێنا و ئەنجامەکەشی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکەش دەڵێت "ئەنجامەکان نهێنین".
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزیرانی 2026، د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لێکۆڵینەوەی لیژنەکە لەسەر دۆسیەی د. عەبدوللەتیف ئەمڕۆ تەواو بووە و نێردراوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا".
لەبارەی ئەنجامەکەیەوە د. یۆهان عوسمان گوتی:"نهێنییە و نازانین ئەنجامی لیژنەکە لەسەر ئەم دۆسیەیە چی بووە، بەڵام ئەمڕۆ بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەگەر ئەوان بیانەوێت رادەگەیێندرێت."
پێکهێنانی ئەم لیژنەی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە دوای ئەوە هات، کە زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و تێکست لەنێوان کچێک و پیاوێک دا بڵاوکرانەوە و وا ناسێندران کە دەنگ و نووسینی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بن. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیش، باس لە بوونی چەند کچێکی دیکە لە دۆسیەکەدا کرا.
ژمارەیەک لە خوێندکارانی کچی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو مامۆستا ئایینییە لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی خۆیەوە هەراسانی کردوون، داوای وێنەی لێکردوون و "وێنەی نەشیاو"ی بۆ ناردوون. هەر بۆیە سکاڵایەکی زۆر لەسەر د. عەبدوللەتیف تۆمارکراوە.
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، وەک رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێت. بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە جیاوازەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، بەڵام ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە "بووختانە" و دەنگی ئەو نییە.

.jpg&w=3840&q=75)
