رووداو- هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە بە تەنیا هەوڵی رزگارکردنی شاری موسڵ نادات لە ژێر دەستی داعش.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە رایگەیاندووە، کە ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەبووایە، ئەوا کەرکووکیش هاوشێوەی موسڵ و بەشێک لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە دەکەوتە ژێر دەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش).
مەسعود بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی لەوەکردووە، کە بۆ دروستنەبوونی شەڕی کورد و عەرەب، "هێزی پێشمەرگە بە تەنیا هەوڵی رزگارکردنەوەی موسڵ نادات"، بەڵکو رۆڵی پێشمەرگە تەنها "هاوکاریکردن" دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان "رازی نییە" شەڕی کورد و عەرەب دروست ببێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و سەرۆکی پێشووی هێزە چەکدارەکانی عێراقی تاوانبارکردووە بەوەی، بووەتە هۆکاری شکستی سوپای عێراق بە چەند کاژێرێک لە موسڵ، "لەکاتێکدا چەندین ساڵ بوو ئەو سوپایە راهێنانی پێدەکرا و چەکدار دەکرا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش توانییان بە چەند کاژێرێک دەستبەسەر تەواوی شاری موسڵدا بگرن و سوپای عێراقیش لەو شارە، تووشی شکست بوو و زۆربەی ئەفسەرە پلەباڵاکانی بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان رایانکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ