رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، دوای 15ی ئەم مانگە ناردنی 700 ملیار دینارەکە لە بەغدا دواناکەوێت. گوتیشی، بەپێی یاسای بودجە دەبێت عێراق مانگانە 775 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە لە بووڵتەنی نیووڕۆژدا پەخش کرا و سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر سیاسییە نەک یاسایی.
مەسعود حەیدەر گوتیشی، ''دژایەتیکردنێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەی بەرامبەری دەکرێت سیاسییە و هیچ لێکدانەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت، بۆیە [خەرجکردنی بودجە] بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقە و تەنانەت وەزیری داراییش دەسەڵاتی خەرجکردنی نییە و بەپێی رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی بودجە، دەسەڵاتەکە لای خودی سەرۆکوەزیرانە.''
''ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواناکەوێت''
دوای سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەت بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا گوژمەیەک، واتە 700 ملیار دینار، نێردراوە.
مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوە کرد، دوای 15ی ئەم مانگە نابێت هاتنی قەرزی دووەم [700 ملیار دینارەکە] دوابکەوێت، ''لەبەر ئەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و لە وەزارەتی دارایی نووسراو کراوە کە ئەو قەرزە مانگانە خەرج بکرێت.''
بڕی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر کراوە، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، بەپێی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا، پشکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 9 تریلیۆن و 300 ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار.
مەسعود حەیدەر جەختی لەوە کردەوە، کاتێک یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە پەرلەمان پەسند کراوە، ''واتە دەنگ دراوە بەوەی کە ئەو ژمارانەی لە یاساکەدا هاتوون دەبێت خەرج بکرێن، کە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت، هۆکارەکەی زیاتر سیاسییە نەک یاسایی یان تەکنیکی.'' گوتیشی، ''ئەو نەفەسە خراپە تەنانەت لە وەزارەتی داراییش دژ بە هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوام بەو ئاراستەیە لێکدانەوەی یاسا دەکەن کە دژ بە هەرێمی کوردستان بێت، نەک لە بەرژەوەندی.''
هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت چییە؟
زیاتر لە 200 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە، مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوە کرد، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کێشەی بودجە بە تەواوی چارەسەر دەکات و ''پێویست ناکات ئەم بابەتە ببێتە بابەتی موزایەدەی سیاسی.''
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە، دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە، ''لەبەر ئەوەی هەناردەنەکردنی نەوت، زیانێکی زۆر بە ئابووریی عێراق دەگەیێنێت، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.''
وەکو مەسعود حەیدەر دەڵێت، کێشەی دەستپێنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە تەکنیکییە و ''دەرنەهێنانی نەوت وا دەکات لە داهاتوودا بیرە نەوتییەکان تێکبچن، ئەوەش وادەکات لە درێژخایەندا زەرەرێکی گەورە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق بدرێت، کە کەس تێیدا سوودمەند نابێت.''
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
''دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نادەستوورییە''
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوا دەکەن بۆ چارەسەری کێشەی دارایی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، ''بەغدا ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ مووچەخۆران یان بودجە بۆ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە یاسا هەیە و ئەگەر پابەندی یاسا بێت، دەبێت بەپێی خشتەی مووچەی فەرمانبەران، مانگانە 775 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بە ناوی مووچە بۆ فەرمانبەران خەرج بکرێت.''
مەسعود حەیدەر گوتیشی، ''ناردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە و پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستانە، عێراقیش ئامادە نییە شتی وا بکات.''
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە هەموو هەوڵی خۆیان داوە، بەڵام ''حکومەتی عێراق هەژموونیی زۆری وڵاتانی دەوروبەری بەسەرەوەیە و ئەوەی کە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کاریگەریی وڵاتانی دەوروبەرە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ