راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.
گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.
 
ژمارەیان هەزار و 100 کەسە و لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووکن، زانیارییان پێگەیشتووە شەش هەزار کەس لەسەر پشکی کۆمپانیای نەوتی باکوور دامەزراون و ئەوانی لێ بێنەشکراون. 
 
هونەر ئەحمەد خۆپێشاندەرە و دەڵێت: "بەڵێنی ئەوەیان پێماندا بە گرێبەست دابمەزرێن و ئەوە چوار ساڵە دەستی دەستیمان پێدەکەن، لە کۆمپانیا و ئیدارەی کەرکووک کەمتەرخەمی هەیە و داواکارین لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین خۆی بێتە سەرخەت و کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات، زانیاری ئەوەشمان پێگەیشتووە کە شەش هەزار پلەی دامەزراندن هاتووە و ئەوەشیان پێمان ڕەوانەبینی، لەکاتێکدا ئێمە شایستەی بووین و خەڵکی رەسەنی ئەم شارەین."
 
رووداو زانیویەتی ئەو شەش هەزار کەسە لە پاڵاوگەی بێجی دامەزراون و دواتر بەسەر پاڵاوگەکانی کەرکووک، بێجی و نەینەوا دابەشکراون کە هەموویان عەرەبن و لە هۆزەکانی جبووری، عەوبێد و جومیلین.
 
یوسف شوانی، بەرپرسی پێشوو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت: "لە کەرکووکەوە ناوی هیچ کەسێک بەرز ناکرێتەوە بۆ دامەزراندن، ئێستا رێگایەکی دیکەیان دۆزیوەتەوە و توانیویان شەش هەزار کەس لەسەر پاڵاوگەکان دابمەزرێنن و دواتر بەسەر پاڵاوگەکانی بێجی و موسڵ و کەرکووک دابەشیان کردووە و لە بوجەی کۆمپانیای نەوتی باکوور مووچەیان بۆ خەرجکراوە."
 
کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمپانیایەکی فیدراڵییە و راستەوخۆ فەرمان لە بەغدا وەردەگرێت، بەپێی بڕگەی یەک لە یاسای شەشی نەوت و غاز، دەبێت لە دامەزراندا پارێزگاکان پێگە و پشکیان پارێزراو بێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە