پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو دزی راگەیاند

15-06-2018
دەرباز ساڵح
نیشانەکردن دزی هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو دزی راگەیاند. دزەکان رۆژانی هەینی لەپێش سێ مزگەوت دزییان کردووە، پۆلیسیش داوا لە هاونیشتمانیان دەکات هەر کەسێک لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا لەپێش ئەو سێ مزگەوتە دزی لێکراوە، سکاڵا تۆماربکات.


پۆلیسی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا روونیکردووەتەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس و نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راستی و بنکەی پۆلیسی ئازادی لە بوونی چەند رووداوێکی دزی، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راستی ناسنامەی دزەکانی ئاشکراکردووە و لە بۆسەیەکدا دەستگیری کردوون.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، دزەکان دوو کەس بوونە و رۆژانی هەینی لەکاتی گوتاری هەینیدا لەپێش مزگەوتەکانی نۆشەهید و رەشاد موفتی و نانەکەلی دزییان کردووە.

پۆلیس باسی لەوەش کردووە کە دوای دەستگیرکردنیان، دزەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و گوتوویانە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەوا کەمێک جامیان کراوە بووە، هەڵساون بە هێنانەخوارەوەی جامەکانیان و بردنی کەلوپەلەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکان.

پۆلیس داوادەکات هەر کەسێک لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا لەپێش ئەو مزگەوتانە دزی لێکراوە،  بەزووترین کات سەردانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راستی بکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵا.

پۆلیسیی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دزەکان رێکخراوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون. دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتیان کە هەمیشە چاوکراوەن بۆ پاراستی سەر و ماڵیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە