رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک دەریخستووە، وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی کریاتین رەنگە یارمەتیی دروستکردنی ماسوولکە و بەهێزبوونی بدات، تەنانەت لەو کەسانەشدا کە وەرزشێکی رێکخراو ئەنجام نادەن.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی تێکساس بۆ ماوەی 12 هەفتە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی خۆراکی وەرزشیدا بڵاوکراوەتەوە، چاودێریی کەسی پێگەیشتووی تەندروست و کەمجووڵەی کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 65 ساڵیدا بووە.
بەشداربووان کران بە دوو گرووپەوە، گرووپێکیان راهێنانیان دەکرد و ئەوی دیکەیان کەمجووڵە مانەوە، لە هەردوو گرووپەکەدا بەشێک کریاتین و بەشێکی دیکەیان دەرمانی بەتاڵییان وەرگرت.
دەرکەوت، ئەو بەشداربووە کەمجووڵانەی کریاتینیان وەرگرتبوو، بە تێکڕا 2.4 پاوەند بارستایی ماسوولکەیان زیاد کردبوو و هێزی ماسولکەکانی سینگ و قاچیان باشتر ببوو، لە بەرامبەردا ئەو کەسانەی کریاتینیان لەگەڵ وەرزشکردندا وەرگرتبوو، نزیکەی 3 پاوەند بارستایی ماسولکەیان زیاد کردبوو، هاوکات بەرگەگرتنیان باشتر ببوو و رێژەی چەوریی جەستەیان کەمیکردبوو.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە دەرەنجامەکان هیوابەخشن، بەڵام نابێت کریاتین وەک جێگرەوەی وەرزشکردن و چالاکیی جەستەیی سەیر بکرێت، بەڵکو تەنیا وەک یارمەتیدەرێک بەکاربهێندرێت.

.png&w=3840&q=75)

.jpeg&w=3840&q=75)