رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد؛ ئەو نوێنەرەی یەکێتییەکە دەڵێت، بە بایەخەوە دەڕواننە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان پێشبخەن.
رۆژی سێشەممە، 6-10-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە شتێفان ڤێنت، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە شتێفان ڤێنت کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە، هەروەها هەموو پشتیوانییەکی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ "هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی" یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا دەربڕی.
لە بەرامبەردا، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە "یەکێتیی ئەورووپا بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئارامی و سەقامگیرییەکەی دەڕوانێت."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، شتێفان ڤێنت ئامادەیی یەکێتیی ئەورووپای بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاستی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
.jpg&w=3840&q=75)
