رووداو دیجیتاڵ
مەلەوانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، دەتوانێت بە یەک رۆژ تەرمی ئاڤێستا بدۆزێتەوە، کە نزیکەی دوو هەفتەیە کەوتووەتە نێو رووبارێك لە سنووری قەزای مێرگەسووری پارێزگای هەولێر.
حاجی ئیبراهیم باڵەکی، مەلەوانێکی بەنێوبانگی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە رادیۆی رووداوی گوت، خنکانی ئەو کچە [ئاڤێستا یوسف] ئەوانی نیگەران کردووە، بەڵام پێیوایە هەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا لە رووبارەکە زانستی نین.
ئەو مەلەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتیشی، "راستە رووبارەکە لێڵ و ساردە، بەڵام دەکرێت بە ماوەیەکی کەم بدۆزرێتەوە، چونکە تەرمی ئەو کچە لەو شوێنەی کەوتووەتە ئاوەکە، کیلۆمەترێک زیاتر نەڕۆیشتووە."
حاجی ئیبراهیم باڵەکی، ئەندامی تیمی فریاگوزاری و مەلەوانیی رێکخراوی مانگی سووری ئێرانە، بەگوێرەی ئاژانسەکانی ئێران چەندین تەرمی لەژێر ئاو دەرهێناوە.
ئەو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "ئەزموونی زیاتر لە 15 ساڵمان هەیە و لە چەندین شوێنی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان توانیومانە تەرمی دەیان خنکاو لە رووبار و چۆمەکان بە ماوەیەکی کەم بدۆزینەوە." گوتیشی، "ئەو ئیشەی دەکرێت بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، دروست نییە، پێویستی بەو هەموو کەسە نییە، تەنیا سێ کەسی پێویستە، ئامادەم هەموو راوێژ و هاوکارییەکی برایانەیان پێشکێش بکەم و خۆشمیان پێویست بێت لە خزمەتیاندام. دەتوانرێت بە یەک رۆژ تەرمەکە بدۆزرێتەوە."
ئاڤێستا یوسفی 27 ساڵی دانیشتووی هەولێر، کاژێر 09:50ی بەیانیی رۆژی 5ی نیسانی 2025 کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سۆران تاوەکو ئەمڕۆ هەوڵدانەکان بۆ زانینی چارەنووسی بێ ئەنجام بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ