کۆمیسیۆن نموونەی کاخەزی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکات

15-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێنج نموونەی کاخەزی دەنگدانی گشتی و تایبەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە، بۆ چاپکردنیشی چاوەڕێی پەسندکردنیانە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە. 
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆبەی دیزاین لە فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکان چوار نموونەی کاخەزی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و نموونەیەکی بۆ دەنگدانی تایبەت ئامادە کردووە."
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن باسی کاتی چاپکردنی کارتەکانی کرد و گوتی، "چاوەڕوانین لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دیزاینەکان پەسند بکرێن."
 
28ـی ئادار دوا وادەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 57 بەربژێری تاک و دوو پارتی سیاسیی و دوو هاوپەیمانی پەسندکران.
 
بەپێی کۆمیسیۆن 886 بەربژێر ناویان پێشکێشکردووە، 277یان نێر و 609یان مێن، بەڵام دواتر کۆمیسیۆن بە پاساوی ناتەواویی دۆسیەکەی، بەربژێرێکی لە بازنەی هەولێر دوورخستەوە.
 
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی رایانگەیاندووە، لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە