رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری پارێزگای سنە دەڵێت، لە ساڵێکدا زیاتر لە 11 تۆن گۆشتی ئەسپ لە لایەن تیمەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و 32 کەسیش بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ دەستبەسەر کراون.
کامەران زیبا کردار، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری پارێزگای سنە، رۆژی هەینی، 14-3-2025 رایگەیاند: "لە ساڵێکدا زیاتر لە 11 تۆن گۆشتی ئەسپ لە لایەن تیمەکانمانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لەنێوبراوە."
زیبا کردار گوتی: "لەو ماوەیەدا 26 ئەسپی زیندووش دەستیان بەسەردا گیراوە، بەر لەوەی سەرببڕدرێن. 32 کەسیش بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ دەستبەسەر کراون و لە دادگە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە؛ دوو سەربڕخانەش داخراون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای سنە، سەربڕینی ئەسپ زیاتر لە هەندێک ناوچەی دەوروبەری شاری سنە و لەلایەن هەندێک کەسی بەرژەوەندخوازەوە دەکرێت و هۆشداری دەدات، چاودێرییەکانیان زیاتر دەکەن و رێکاری تووندی یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانەی گۆشتی ئەسپ دەفرۆشن، دەگرنەبەر.
زیبا کردار هۆشداری دا، خواردنی گۆشتی ئەسپ مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشیی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ زیاد دەکات و داوای لە خەڵکیش کرد، "لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان و خێزانەکانیان خۆیان لە کڕین و خواردنی ئەم جۆرە گۆشتە بەدوور بگرن" و تەنیا گۆشتی ئەو ئاژەڵانە بەکاربێنن لە سەربڕخانە رێگەپێدراوەکاندا لەژێر چاودێریی تەندروستی و ئایینی ڤێتێرنەریدا سەردەبڕدرێن.
کامەران زیبا کردار دەڵێت، بەهۆی مەترسییە تەندروستی و ژینگەییەکانی سەربڕینی ئەسپ، بە فەرمانی داواکاری گشتی سنە، لقێکی تایبەت بۆ مامەڵەکردنی خێرا و یەکلاییکەرەوە لەگەڵ ئەو جۆرە پێشێلکارییانە دیاری کراوە.



.webp&w=3840&q=75)