وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: کوالێتیی برنجی بەشەخۆراکی مانگانە باشە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
برنج
برنج
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق داوا لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان دەکات، برنجی بەشەخۆراکی مانگانە وەربگرن و دڵنیایی لە کوالێتییەکەی دەدات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024 محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح گفتوگۆی بەشە خۆراکی مانگانەی کرد.
 
لەبارەی کوالێتیی برنجی بەشەخۆراکی مانگانە محەممەد حەنوون بە رووداوی گوت، "پێشتر باس لە خراپیی کوالێتیی ئارد دەکرا و بەم دواییەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکاندا بە خراپی باس لە برنجەکە دەکرا. ئەوە لە کاتێکدایە، رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی کردووە و برنجی کواڵیتی باشمان پێ دەدەن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "گوشارە بەردەوامەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەرییان لەسەر هاووڵاتییان هەبووە، تەنانەت هاووڵاتیان لە کاتی وەرگرتنی بەشە خۆراکدا برنجەکەیان ناوێت. هەندێکجار بریکارەکان بە هاووڵاتییان دەڵێن، برنجەکە خراپە بۆ ئەوەی لە بازاڕدا بیفرۆشن و قازانجی زیاتر بکەن."
 
محەممەد حەنوون پەیامێکی ئاراستەی هاونیشتمانیانی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق کرد و گوتی، "لە رێگەی کەناڵی رووداوەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین تەواوی بەشە خۆراکەکانیان وەربگرن. کواڵیتی برنجەکەمان باشە و تاقی بکەنەوە."
 
حەنوون باسی لە پلانی وەزارەتی بازرگانی کرد و رایگەیاند، دوو جۆر پلانیان هەیە. یەکەمیان بۆ دۆخی ئاسایی و دووەمیان بۆ دۆخی نائاسایی و قەیرانەکاندایە؛ گوتیشی، دۆخی کۆگاکان لە هەبوونی خۆراکدا زۆر باشە، بەتایبەتی کۆگا ناوەندییە گەورەکان کە یەکێکیان لە پارێزگای دهۆکە و بەشە خۆراکە هاوردەکراوەکان لە تورکیاوە وەردەگرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتیشی، "تەواوی پێکهاتە سەرەکییەکانی بەشە خۆراکی مانگانە بەردەستن. تەنانەت ئەگەر قەیرانێکی نێودەوڵەتیش هەبێت، کێشەمان نابێت بەهۆی ئەوەی خۆراکێکی زۆرمان هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە