رووداو دیجیتاڵ
سیداد بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی هیچ کات لە هەڵبژاردن نەترساوە و ئەوە لایەنەکانی دیکەن لەهەڵبژاردن دەترسن، هەربۆیە چەندین کێشەیان دروست کرد تاوەکو هەڵبژاردن نەکرێت، سیداد بارزانی جەختیش لەوە دەکاتەوە، تەنیا پارتییە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت و "بەتەمای لایەنەکانی دیکە مەبن بیپارێزێت."
رۆژی دووشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2024، سیداد بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بانگەشەی حیزبەکەی لە شارۆچکەی شەقڵاوە، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند "ئەم هەڵبژاردنە، شەڕێکی قورسە و شەڕی مان و نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."
هەروەها ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی لەدرێژەی گوتارەکەیدا گوتی "پارتی هیچ کاتێک لە هەڵبژاردن نەترساوە و هیچ کاتێکیش پاشەکشێی نەکردووە. ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە، دەبووایە بەر لە دوو ساڵ ئەنجامبدرێت، بەداخەوە هەندێک لایەن، کە مەترسیان هەبوو لەسەر دۆخی خۆیان و ئەو باردودۆخە نالەبارەی تێیکەوتبوون، مەبەستیان بوو هەڵبژاردن نەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کێشەیان دروست کرد، ئەگینا دەبوایە ئەم هەڵبژاردنە بەر لە دوو ساڵ بکرێت. ئێستا کە هەڵبژاردن دەکرێت ئێمە دڵنیاین لەوەی خەڵکی کوردستان بڕیارێکی راست و دروست دەدات."
هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەمتر لە 48 کاژێری ماوە و سیداد بارزانی رایدەگەیەنێت "خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات بەوەی دەنگ بەو پارتە بدەن، کە هەموو خەمێکی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی کوردستانە، لە بەرامبەریشدا یان دەبێت دەنگ بەو لایەنانە بدەن، کە هەموو ئامانجێکی هەرزانفرۆشکردنی کوردستانە. ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار و بەهێز بێت، کوردستان بەهێز دەبێت، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، کوردستانیش بەهێز نابێت و لەدەستدەچێت. بەتەما نەبن لایەنی دیکە کوردستان بپارێزێت."
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەوی 15ی مانگ کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دێت و بڕیاریشە لە 20ی ئەم مانگە هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ