بڕیاری قەدەخەکردنی کیسی نایلۆن لە نانەواخانە و سەمونخانەکان جێبەجێ نەکراوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نزار جەزا
هاووڵاتییەک لە نانەواخانەیەک نان دەبات. وێنە: رووداو
هاووڵاتییەک لە نانەواخانەیەک نان دەبات. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

نزیکەی سێ هەفتە بەسەر بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستیدا تێدەپەڕێت بۆ قەدەخەکردنی کیسی نایلۆن لە چێشتخانە و سەمونخانە و نانەواخانەکان، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
 
عوسمان محەممەد، نزیکەی 30 ساڵە لە سلێمانی کاری نانەوایی دەکات و دەڵێت، پێنج ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ 70%ی نانەواخانە و سەمونخانەکانی سلێمانی کیسی کاخەزی بەکاردەهێنا، بەڵام بۆیان باش نەبوو، بۆیە بڕیارەکە هەڵوەشایەوە، ئێستاش پێیوایە دەبێت پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت.
 
ئەو خاوەن نانەواخانە دەڵێت، "لە ساڵی 2019 بڕیارەکە دەرچوو و کیسی کاخەزمان بەکاردەهێنا، بەڵام کڕیار نانەکەی دەکردە ناو کیسی کاخەزەکە و داوای کیسی نایلۆنیشی دەکرد و کیسە کاخەزەکەی بە نانەکەوە دەکردە ناو کیسە نایلۆنەکەوە، لەم کاتەشدا زیان بوو بۆمان و تێچووی زۆر بوو، بەڵام ئەگەر کارگەیەک بە پاڵپشتیی حکومەت کیسی کاخەز دروستبکات و بە نرخێکی گونجاو پێمان بدەن، ئێمە کێشەمان نییە و کیسی کاخەز بەکاردەهێنین."
 
لە جیهاندا هەوڵەکان بۆ ئەوەن، بەرکەوتەی مرۆڤ لەگەڵ ماددە پلاستیکییەکان کەم بکەنەوە، بڕیارەکەی حکومەتى هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە، بەڵام بە گوتەی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان، بڕیارەکە لە قازانجیان نییە، بە جۆرێک کە هەر کیلۆیەک کیسی کاخەز 40 دانەیە و بە 3500 دینارە، بەڵام کیلۆیەک کیسی نایلۆن 160 دانەیە و بە 2000 دینارە، واتە تێچووی یەک کیسی کاخەز یەکسانە بە حەوت کیسی نایلۆن.
 
رووداو زانیویەتی، بڕیارەکە لە وەزارەتی تەندروستییەوە شۆڕ کراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی، بەڵام هێشتا بڕیارەکە بەدەست قایمقامیەتەکان نەگەیشتووە بۆئەوەی لە رێگەی لیژنەکانیانەوە جێبەجێی بکەن.
 
جەمشیر مشیر، نوێنەری فڕنچییەکانی هەولێر دەڵێت، "لە هیچ شوێنێکەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کیسی کاخەز بەکاربهێنین، بەڵام لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نین، چونکە زیان دەکەین، تەنانەت خەڵکیش نازانێت چۆن هەڵیبگرێت، چونکە شوێن دەستی نییە، پێشتریش کیسی کاخەزمان بەکارهێناوە و سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە دەبوو وەزارەتی تەندروستی بە راوێژ لەگەڵ کەسانی شارەزا لەناو سەمونخانە و نانەواکان بڕیاری بدایە."
 
عوسمان فەرەج، خاوەنی نانەواخانە ئاماژەی بەوە کرد، "کیسی کاخەز بەکەڵکی ئێمە نایەت، بۆ نموونە خەڵک هەیە جوملەیە 30 نانی بە یەکجار دەوێت، ئەمە لە کیسی کاخەزدا جێگەی نابێتەوە، بۆیە بڕیارەکە زۆر هەڵەیە و ئەگەر بەو جۆرە بێت نانەواکە دابخەم باشترە."
 
بەهۆی گرانیی نرخی خواردن لە چێشتخانەکان بەراورد بە نرخی نان و سەموون، ئاسانتر بڕیارەکەیان پێ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام زۆرینە پابەند نین.
 
شڤان عوسمان خاوەنی کەبابخانەیە و بەبێ بڕیارەکەش خۆی کیسی کاخەز بەکاردەهێنێت، دەڵێت، "کیسی کاخەز بەکاردەهێنم لەبەر ئەوەی خواردنەکە کە بە سەفەری دەینێرم تێکناچێت و ئارەق ناکاتەوە و تەندروستیشە."
 
بڕیاری بەکارهێنانی کیسی کاخەز بۆ زیاتر لە 3000 نانەواخانە و سەمونخانە و زیاتر لە 2000 چێشتخانەیە لە هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە