وردەکاریی بردنەوەی خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لەسەر ئاستی جیهان لەلایەن رووداوەوە

14-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن #StevieAwards خەڵاتی ستیڤی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتێکی دیکەی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە میدیای کوردستان و ناوچەکەدا دەیگێڕێت. 
 
رۆژی دووشەممە 14-8-2023 خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی ستیڤی راگەیێندران و تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا.   

 

خەڵاتەکانی ستیڤی رۆژی 13ـی ئۆکتۆبەر لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دابەش دەکرێن. 
 
بەربژێرەکان و خەڵاتەکەی رووداو
 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکان دا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە هەزار کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکان دا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.     

 

ئەم خەڵاتکردنەی رووداو کە لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس)، هەروەها بەهۆی فروانی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیەتی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیکە. ئەمە خەڵاتە بۆ یەک بە یەکی هاوکارانی رووداو.
 
هەروەها هەروەک لە هەڵسەنگاندنی لیژنەی هەڵسەنگاندن دا هاتووە، لەبەر فراوانی رووماڵەکانی رووداو و دەرفەتدان بە هەمووان و بەربڵاوی بڵاوبوونەوەکەی، تۆڕی میدیایی رووداو وەک شایانی ئەو خەڵاتە دانراوە. 
 
جگە لە بوولتەنەکانی هەواڵ، تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک بەرنامە و بڕگەی رۆژانە، هەفتانە و مانگانەی هەیە. رێباز عەلی، بەرپرسی بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "لە ئامادەکردنی بڕگە و بەرنامەکاندا سەرنجمان لەسەر هەموو چین و توێژێکە. چیرۆکی تەنیا یەک کەسیش بەلامانەوە گرنگە. هەربۆیەش بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر یەک کێشەی یەک کەسیش دەوەستێت. بڕگەی وەک ژن و پیشە، بۆ نموونە، ئاوڕدانەوەیە لە رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا بە نیشاندانی کاری تایبەتی یەک ژن." 
 
رێباز عەلی باس لەوە دەکات کە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرنامەکانی وەک لەگەڵ رەنج و بەرپرسیارەوە هەوڵدەدات کێشەکانی هاونیشتمانییان پێشانبدات و بەرپرسانیان لێ ئاگادار بکاتەوە؛ هەروەها لە رێگەی بەرنامەکانی وەک دکتۆر ئاراسەوە کاردەکات بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان لە بابەتەکانی پەیوەست بە تەندروستییان ئاگادار بکاتەوە.
 
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەرنامەکانی رووداو لەسەر بنچینەی کێشە و خواستی هاونیشتمانییانە و "ئاماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشانی دەدەن کە هەژمار و پەیجەکانی رووداو لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە یەکەمی بێ رکابەرە. رووداو رۆژ دوای رۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنیش ریکۆردی نوێ تۆمار دەکات." 
 
بەپێی داتای کۆمپانیای مێتا، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا ڤیدیۆیەکانی پەیجی فەیسبووکی رووداو لەلایەن 152 ملیۆن کەسەوە لە جیهان بینراون، 646 هەزار کەس کۆمێنتیان لەسەر بەرهەمەکانی نووسیوە و بەرهەمەکانی رۆژانە نزیکەی هەشت ملیۆن کاردانەوەیان هەبووە. لە ئینستاگرامیش بەرهەمەکانی رووداو لە هەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە دەستی زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەکارهێنەر و لە سەرەتای مانگیشەوە سەردانی بەکارهێنەران بۆ هەژماری رووداو 23٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەمە یەکەم جار نییە بەرنامە و پێشکێشکارەکانی رووداو خەڵات دەکرێن، بەڵام تۆڕی میدیایی رووداو بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە ناوی خۆی لە لووتکەی دامەزراوە پیشەییەکانی جیهان دا تۆمارکرد، لەپاڵ گووگڵ، مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و چەندینی دیکەدا کە هەریەکەیان لە بواری خۆیدا بەهۆی سەرکەوتن و داهێنانەکانییەوە خەڵاتی ستیڤی بردووەتەوە.
 
بۆچوونی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن
 
ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن هۆکاری پێدانی خەڵاتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و لە رێگەی تەلەڤزیۆن، پۆرتاڵ، رادیۆ و سۆشیاڵمیدیاوە بەردەوام راستگۆیانە بینەر، خوێنەر و بیسەرەکەی لە پێشهاتەکان ئاگادار دەکاتەوە.
 
ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن ئاماژە بەوەش دەکەن، تۆڕی میدیایی رووداو لە بواری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیشدا رۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبووە و جیاوازییەکانیش نەبوونەتە هۆی ئەوەی گرووپێک یان پێکهاتەیەک نەتوانێت خۆی لە تەلەڤزیۆن، پۆرتاڵ و رادیۆی رووداو ببینێتەوە. 
 
ئەمەی خوارەوە بە کورتی بەشێکی بۆچوونی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگدنی خەڵاتی نێودەوڵەتی بیزنسە:
 
- رووداو لە رێگەی ماڵپەڕ، ئەپلیکەیشن، رادیۆ و تەلەڤزیۆنەوە زانیاری نوێ دەداتە زیاتر لە یەک ملیۆن بینەر و بیسەر و لە رووداوە گرنگەکان و پرسەکانی کوردستان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شوێنەکانی دیکەی جیهان بە زیاتر لە چوار زمان ئاگاداریان دەکاتەوە.
 
- تۆڕی میدیایی رووداو لە بواری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دا رۆڵی هەبووە، دەستکەوتی هەبووە و ئەوەش رۆڵی لە سەرکەوتنیدا هەبووە. رووداو سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە بەڕێوەبردنی جیاوازیی کولتووری دا.
 
- رووداو تۆڕێکی میدیایی جێگەی متمانەیە کە بابەت و بەرهەمەکانی لە سۆشیاڵمیدیادا دەگەنە دەستی ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەکارهێنەر.
 
خەڵاتەکانی ستیڤی
 
وشەی (ستیڤی) لە وشەی (ستیفانۆس)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە بە واتای (تاج) و (خەڵات) دێت. خەڵاتەکانی (ستیڤی) بە باشترینەکان لە بواری بیزنسدا دادەنرێن و ساڵی 2002 بڕیار لەسەر دابەشکردنیان درا، ئەوەش بەمەبەستی رێزگرتن لە رۆڵ و دەستکەوتی کەسایەتی و کۆمپانیا و تۆڕە کاریگەرەکانی جیهان.
 
خەڵاتەکانی ستیڤی لە هەشت بواردا دابەش دەکرێن: خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس کە بە تۆڕ و دامەزراوە نێودەوڵەتییە سەرکەوتووەکان دەدرێت؛ خەڵاتی ستیڤی بیزنسی ئەمریکی کە تایبەتە بەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی لە ئەمریکا کاردەکەن؛ خەڵاتی ستیڤی بیزنسی ژنان کە تایبەتە بە رێزگرتن لە ژنانی سەرکەوتووی خاوەن کار و وەبەرهێنەر لە جیهان دا؛ خەڵاتی ستیڤی خزمەتگوزاریی کڕیار کە بە کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی دەبەخشرێت؛ خەڵاتەکانی ستیڤی بۆ ئاسیا و وڵاتانی سەر زەریای هێمن کە بە کۆمپانیا و ناوەندە داهێنەرەکانی 29 وڵاتی ئەو ناوچانە دەدرێت؛ خەڵاتی ستیڤی ئەڵمانی کە بە کۆمپانیا و تۆڕە سەرکەوتووەکانی ئەو وڵاتانە دەدرێت کە ئەڵمانی زمانێکی فەرمییە تێیاندا؛ خەڵاتی ستیڤی بۆ خاوەنکارە گەورەکان کە دەبەخشرێتە ئەو کۆمپانیا و ناوەندانەی باشترین شێوازی مامەڵەکردن، بەڕێوەبردن، رێکخستن و بەرەو پێشبردنی هێزی کاریان هەیە؛ خەڵاتی ستیڤی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە بە کۆمپانیاکانی 18 وڵاتی ئەو ناوچانە دەدرێت، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو کار و خزمەتگوزارییەی پێشکێشی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".