رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە دەڵێت، بۆ ئەوەی کارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەتەواوی بکرێت، پێویستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان، منداڵە ونبووەکان و بریندارانی کیمیاباران بکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 14ی نیسانی 2025، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکە لەو موژدانەی کە پێویستە بدرێتە کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە."
ئەو کاتەی ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بوو و لە سەردەمی ئەودا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا. ئازاد تۆفیق دەڵێت: "دانیشتنی سێیەم تەواوکەری دانیشتنی یەکەم و دووەم بوو."
پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە باسی دەستکەوتەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: "لە ماوەی کارکردنماندا، بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار پڕۆژەمان بۆ پارێزگاکە جێبەجێ کرد و چەندین پرد، رێگە و پڕۆژە دروستکران."
پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە پێیوایە بۆ ئەوەی کارەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە تەواو بێت، "پێویستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان، منداڵە ونبووەکان و بریندارانی کیمیاباران بکرێتەوە، هەروەها دەبێت عێراق تەواوی ئەرکەکانی بەرامبەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە رووی بودجە و کارەکان بگرێتە ئەستۆ."
ئەمڕۆ دووشەممە 14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ