رووداودیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر هاونیشتمانییان دڵنیا دەکاتەوە، کە لە کاتی وەرگرتنی بەنزین بە کارت، تەنیا ئەو بڕە لەسەر بەنزینخانەکان هەژمار دەکرێت، کە شۆفێرەکە وەریدەگرێت و پاشماوەی لیترەکان بە هیچ شێوەیەک نافەوتێن.
رۆژی دووشەممە 24ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە: "ئەو بڕە بەنزینە راستەقینەیەی رەوانەی بەنزینخانەکان دەکرێت، لای بەڕێوەبەرایەتییەکە دیارە و لە رێی خوێندنەوەی ژمێرەر پێش دابەشکردن و دوای دابەشکردن تۆمار دەکرێت. تەنیا ئەو بڕە بەنزینەی کە بە راستەقینە دابەشکراوە، لە ئەستۆی بەنزینخانەکەدا دەبێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "بڕی 40 لیترەکە کە لە کارتی سووتەمەنیدا دیاریکراوە، تەنیا بۆ هەژماری شۆفێرەکەیە. لە کاتی وردبینی ژمێریاری لەگەڵ بەنزینخانەکان، پشت بەو بڕە دەبەسترێت کە شۆفێرەکە وەریگرتووە. بۆ نموونە؛ ئەگەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا 30 لیتر بەنزین تێبکات، تەنیا ئەو 30 لیترە لەسەر بەنزینخانەکە تۆمار دەکرێت، نەک 40 لیترەکە".
بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە ئەو بڕە بەنزینەی لە هەندێک ئۆتۆمبێل دەمێنێتەوە، بە هیچ شێوەیەک بەنزینخانەکان ناتوانن دەستکاری بکەن و لای بەڕێوەبەرایەتییەکە دیارە، پاشان ئەو بڕە بۆ رۆژی دواتر دووبارە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێتەوە.
نەوت و کانزای هەولێر دەڵێ: "ئێستا بەکارهێنانی سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی لە قۆناخی سەرەتادایە. لە پلاندایە لە داهاتوودا بۆ هەر پەمپێکی فرۆشتنی بەنزین لە بەنزینخانەکان، خوێنەرێک (Reader) دابنرێت کە بە تەواوی بڕی راستەقینەی ئەو بەنزینە بخوێنێتەوە کە دەدرێتە هەر ئۆتۆمبێلێک و راستەوخۆ بە سیستەمەکەوە ببەسترێتەوە؛ واتا ئۆتۆمبێلەکە چەند لیتر بەنزین وەربگرێت، هەر ئەوەندە لە سیستەمەکەدا تۆمار دەکرێت".




