رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی حاجی قەڵای سەر بە قەزای کۆیە، دار زەیتوونێکی خۆرسک دۆزراوەتەوە کە تەمەنی زۆرتر لە 1000 ساڵە و گەش و سەربەرز رەگی لە قووڵایی مێژوو و کلتووری کوردستاندا داکوتاوە.
ئەم دار زەیتوونە لەسەر چیا و لە گوندی حاجی قەڵا و بە "سەرێ
زەیتوونە"ش دەناسرێت. بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، دارەکە تەنیا هێمایەکی مێژوویی
نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەرییە کۆنەکانیان.
سەنگەر کەمال، جووتیارێکی تەمەن 46 ساڵەی ناوچەکەیە کە باوکی لە ساڵی 1988
ئەنفال کراوە، لەبارەی بیرەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ باوکی لە لای دارەکە بە رووداوی
گوت: "ئەو دارە یەکەم بیرەوەریم کە چوومە سەری ساڵی 1987 بوو. لەگەڵ بابم
چووم و لەبیرمە جڵە زەیتوونێکی بۆ لێکردمەوە."
دۆزینەوەی تەمەنی راستەقینەی ئەم دارە دوای ئەوە هات کە ماوەی ساڵێکە
تیمێکی ئیتاڵی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (کۆریس) بۆ پەرەپێدانی زەیتی زەیتوون لە
کوردستان، یارمەتیی جووتیاران و خاوەن کارگەکان دەدەن. لە کاتی توێژینەوەکانیاندا
تەمەنی ئەم دارەیان ئاشکرا کرد.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی دۆزینەوەکەوە راگەیاند:
"لە ئەنجامی ئەم پڕۆژەیەدا بۆمان دەرکەوت دارێکی خۆرسکی زەیتوون لەسەر شاخێک
لە گوندی حاجی قەڵای کۆیە دۆزراوەتەوە کە تەمەنی سەرووی 1000 ساڵە و کوالێتییەکی
جیاوازی هەیە لە زۆربەی ئەو دارانەی ئێستا لە جیهاندا بەرهەم دەدەن."
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 4 ملیۆن دار زەیتوون هەن و 7
کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون کار دەکەن کە ساڵانە 8 هەزار تۆن زەیت بەرهەم
دەهێنن.
هەڵکەوت عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان لەبارەی ئامانجی
پڕۆژەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە بە گشتی بەرزکردنەوەی هەموو
تواناکانی زنجیرەی بەرهەمهێنانە لە جووتیارەوە تاوەکو بەکارهێنەر، تاوەکو
بەکارهێنەر بتوانێت لەسەر رەفەی مارکێتەکان جیاوازیی ڕۆنی زەیتوونی باش و خراپ
بکات."
ئێستا بەرهەمی زەیتی زەیتوونی کوردستان پێداویستیی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە،
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانێکی درێژخایەن دەیەوێت پەرەی زیاتر بەم
کەرتە بدات.


