کێ شوێنی ئەوانە دەگرێتەوە کە ناویان بۆ حەج دەرچووە و کۆچی دواییان کردووە یان دەستبەرداری دەبن؟

14-02-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێک لەبارەی دەستبەرداربوون (تەنازول) لە مافی حەجکردن بۆ حەجی ئەم ساڵ بڵاودەکاتەوە. بەپێی مەرجەکان، هەر کەسێک ناوی لە تیروپشکی ئەمساڵی حەج دەرچووبێت و کۆچی دوایی کردبێت، یان لەبەر هەر هۆکارێک حەج نەکات، ئەوا یەکێک لە خزمە پلە یەکەکانی دەتوانێت شوێنەکەی بگرێتەوە.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 32ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 14-02-2024 بە واژووی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف دەرچووە، بڕیاردراوە بە رێگەپێدانی دەستبەرداربوون (تەنازول) بۆ ئەو کەسانەی ناویان لە تیروپشکی حاجییان بۆ ساڵی 2024 دەرچووە.
 
وەزارەتی ئەوقاف بۆ ئەو مەبەستە چەند مەرجێکی داناوە، لەوانە هەر کەسێک لە گرووپی (پیاو بە تەنیا و ئافرەت بە تەنیا) ناوی لە تیروپشکی ئەمساڵی حەج دەرچووبێت، کۆچی دوایی کردبێت، یان لەبەر هەر هۆکارێک حەج نەکات، ئەوا یەکێک لە خزمە پلە یەکەکانی دەتوانێت شوێنەکەی بگرێتەوە.
 
هەروەها هەر کەسێک لە گرووپی (ئافرەت لەگەڵ مەحرەم یان سیانی) ناوی لە تیروپشکی ئەمساڵی حەج دەرچووبێت، کۆچی دوایی کردبێت، یان لەبەر هەر هۆکارێک حەج نەکات، ئەوا یەکێک لە خزمە پلە یەکەکانی دەتوانێت شوێنەکەی بگرێتەوە.
 
هەر بەپێی مەرجەکان، "ئەگەر کەسی کۆچکردوو (مەحرەم) ناوی تۆمارکردبوو، دەتوانرێت مەحرەمێکی ئەبەدیی ئافرەتەکە شوێنەکەی بگرێتەوە."
 
سەبارەت بە گرووپی (مەحرەم حاجی)یش، ئەگەر پیاو کۆچی دوایی کردبێت، یان گەشت نەکات، دەتوانرێت تەنازول بکات بۆ مەحرەمێکی ئەبەدی ئافرەتەکە، ئەگەر ئافرەتەکە کۆچی دوایی کردبێت، یان لەبەر هەر هۆکارێک گەشتی حەجی نەکرد، بە هیچ جۆرێک مەحرەمەکە مافی حەجکردنی نابێت.
 
بە گوێرەی ئەو مەرجانەی وەزارەتی ئەوقاف دایناون، ژن و مێرد، کوڕ و کچ بۆ دایک و باوکیان، خوشک و برا بۆ یەکدی، خوشک و برا لە دایک، خێزانی باوک بۆ کچ و کوڕی  پیاوەکەی، تەنازول بۆ یەکدی بکەن.
 
هەروەها ئەگەر پیاوێک لەگەڵ هاوژینەکەی ناوی دەرچوو بوو، هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردبوو، ئەگەر هاوژینی دیکەی هەبوو، دەتوانێت شوێنی هاوژینە کۆچکردووەکەی بگرێتەوە.
 
لە گرووپی سیانی و دووانی، پیاو یان ئافرەت دەتوانن تەنازول بۆ خزمی پلە یەکی هاوژینەکەی (خەسوو، خەزوور و خوشک و برای هاوژین) بکەن.
 
رۆژی 16-12-2023، تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، لەوانە 65 هەزار و 195 کەس لە ساڵی 2017 و  56 هەزار و 669 کەسیش لە ساڵی 2023 داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش بوو، لە تیروپشکەکەدا ناوی چوار هەزار و 174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.