رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی 53 هەزار پارچە زەوی لە کەرکووک، ناکۆکیی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە دروستکردووە، چونکە ئەو زەوییانەی بۆ دابەشکردن دیاریکراون، موڵکی کورد و تورکمانن و کێشەی ماددەی 140ـی دەستووریان لەسەرە.
بڕیارە 53 هەزار پارچە زەوی 200 مەتری، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەر فەرمانبەران و خێزانە کەم دەرامەتەکاندا دابەش بکرێت، بەڵام زەوی گوندەکانی تۆپزاوا، لەیلان و رجێبات کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراون، زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمانن.
حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەرووداوی گوت، "کێشەی ئێمە کێشەی خاکە. ئێمە لەگەڵ دابینکردنی زەوین بۆ فەرمانبەران و پێمان وایە فەرمانبەر مافی خۆیەتی خاوەن زەوییەک بێت، بەڵام بەو مەرجەی لەسەر حیسابی ئەو زەوییانە نەبێت کە دەکەونە سنووری ماددەی 140ـی دەستوور."
کورد و تورکمان لە بەغدا و کەرکووک هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و داوا دەکەن زەوی دیکە بۆ دابەشکردن بدۆزرێتەوە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەرووداوی گوت، "سەنەد و تاپۆی ئەو زەوییانە لەلای خاوەنەکانیانن، کە رژێمی پێشوو بە زۆر و ئەشکەنجە دەستی بەسەرداگرت. دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە دەستنیشانکردنی ئەو زەوییانەی کە موڵکی هاووڵاتییانن، لە پێناو خۆپاراستن لە دروستبوونی کێشەی نوێ."
لە بەرامبەردا، راکان سەعید، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک و چەند ئەندامێکی دیکەی عەرەب، کە بە داڕێژەری بیرۆکەکە دادەنرێن، پێیان وایە ئەو زەوییانە لە موڵکی کورد و تورکمان دەرچوون و بۆیان ناگەڕێتەوە.
رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەرووداوی راگەیاند، "بڕیاری ژمارە سێی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو زەوییانەی سەربە وەزارەتی نەوت و بەرگرین، ناگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان. زۆربەی ئەو زەوییانەی باسیان دەکەین هی وەزارەتی نەوت و بەرگرین و بەشێکی دیکەشیان خاوەنەکانیان قەرەبوو کراونەتەوە."


