رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، بەشێک لە سوودمەندبووان درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ دەیانگرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕگەیەکی تایبەت بە رێنماییەکانی یاسای خانەنشینی هەموارکردەوە و درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ زیادکرد.
بەگوێرەی فەرمانە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 11760 لە رۆژی 2026/9/17، بڕگەی (سێیەم/2) لە فەرمانەکانی پێشووتر هەموار کراوەتەوە. لە دەقە هەموارکراوەکەدا هاتووە کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، ئەم توێژانەی دیکەش دەگرێتەوە:
ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانە، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی فیدراڵی بە ژمارە دووی ساڵی 2016ـی هەموارکراو تۆمارکراون.
لەو بارەیەوە، ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2025 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی درا، بەڵام ئەوکات ئەو دوو چینەی نەگرتبووەوە، ئێستاش لە بڕیارێکی نوێدا کەسوکاری کوردانی فەیلی و ئەوانەی لەسەر دەزگاکانی عێراق شەهیدن بەڵام کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەرن، دەگرێتەوە و تەمەنی خانەنشینیان بۆ درێژکرایەوە".
سەبارەت بە رێکاری پەسندکردنی مامەڵەکانیش، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارەدا پێشکێشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ئاماژەپێکراوەوە، بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسیەکانیان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شەهیدان بۆ رووداو، 25 هەزار و 868 زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەن کە هەموویان سوودمەند دەبن؛ هەروەها 36 هەزار و 602 شەهیدی سەنگەر، 11 هەزار و 275 شەهیدی جینۆساید و 20 هەزار و 489 شەهیدی هاووڵاتی هەن.




